گەشتیارێک لە هاوینەهەواری گەلی شێرانە لە ئاودا خنکا

رووداو دیجیتاڵ

گەشتیارێک لە هاوینەهەواری گەلیی شێرانەی سنووری قەزای ئامێدی لە ئاودا خنکا؛ سەرچاوەیەک لە بەرگریی شارستانیی قەزاکە دەڵێت، گەشتیارەکە عەرەبە و خەڵکی پارێزگای نەجەف بوو.
 
رووداوەکە کاژێر 16:00ـی ئەمڕۆ چوارشەممە 13-08-2025 لە هاوینەهەواری گەلیی شێرانەی سنووری قەزای ئامێدی روویداوە. حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە زاری سەرچاوەیەک لە بەرگریی شارستانیی دهۆکەوە رایگەیاند، گەشتیارەکە هاووڵاتییەکی عەرەبی خەڵکی پارێزگای نەجەف بووە و ناوی مونتەزەر محەممەد فوئادە.
 
دوای دەرهێنانی، سەرەتا تەرمی مونتەزەر محەممەدی تەمەن 24 ساڵ، گوێزراوەتەوە نەخۆشخانەی ناحیەی دێرەلۆکی سەر بە قەزاکە.
 
بڕیارە تەرمی هاووڵاتییەکە بگوێزرێتەوە دادپزیشکیی دهۆک و دواتر رادەستی کەسوکاری بکرێتەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو 5ـی ئاب، 49 کەس لە هەرێمی کوردستان لە ئاودا خنکاون کە 19ـیان لە سنووری پارێزگای دهۆک بوون.