بارزانی: ئیرادەی میللەتی کورد بە پەرلەمانی عێراق ناشکێت
رووداو- ئاکرێ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کەمپەینی سەربەخۆیی کوردستان لە ئاکرێ گوتی: "ئەوانەی دەیانەوێت ئیرادەی گەلی کورد تاقی بکەنەوە ئەوە مەیدان کراوەیە". گوتیشی: "ئیرادەی میللەتی کورد بە پەرلەمانی عێراق ناشکێت".
مەسعود بارزانی ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆژی چوارشەممە 13-9-2017 و لە کەمپەینی سەربەخۆیی کوردستان لە یاریگای ئاکرێ گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "بڕیاری گشتپرسی، بڕیاری هەموو حیزبە کوردستانییەکانە ، هەموو هەوڵێکمان لەگەڵ عێراق شکستی هێنا، دەبێ بەرپرسانی عێراق لە خۆیان بپرسن بۆچی هەموو شەراکەتێک لەگەڵ ئەوان شکستی هێنا".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئاماژەدان بەوەی ، بەشی ئێمە لە هاوبەشیکردن لەگەڵ عێراق ماڵوێرانی بوو، ئێمە سەد ساڵە چاوەڕێی سەربەخۆیین".
بارزانی جەختیکردەوە لەوەی تاوەکو ئێستا ئەوانەی داوای دواخستنی گشتپرسی دەکەن هیچ بەدیلێکیان پێنەبووە و گوتی: "ئەگەر بەدیلێک بۆ گشتپرسی هەبێت و هەمان ئامانج جێبەجێ بکات، قبوڵی دەکەین". لە هەمانکاتدا گوتی: "هەموو باجێکی سەربەخۆیی دەدەین".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "دەنگی ئێوە بۆ سەربەخۆیی رۆحی شەهیدان ئاسوودە دەکات ، دەنگی ئێوە کۆتایی بە ئەنفال و کیمیابارانکردن و سووتاندنی گوندەکان دەهێنێت".
بارزانی گوتی: "دوای گشتپرسی دەرگای گفتوگۆ لەسەر زۆر بابەت دەکەینەوە ، ئەوانەی داوای دواخستنی گشتپرسی دەکەن، با لە دوای بەڕێوەچوونی گفتوگۆمان لەگەڵ بکەن".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەوانەی دەیانەوێت ئیرادەی گەلی کورد تاقی بکەنەوە، ئەوە مەیدان کراوەیە ، ئیرادەی میللەتی کورد بە پەرلەمانی عێراق ناشکێت ، پەرلەمانی عێراق کار لەسەر زۆرینەی سیاسی دەکات ، خزمەتکاری قبوڵناکەین و دەبێ گلەیی لە خۆیان بکەن".
داڕشتنەوە؛ عومەر شایان