پەروەردەی سلێمانی: تاوەکو دەستێوەردانی حیزب هەبێ چاوەڕێی پەروەردەی باش ناکرێت


رووداو - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی لە گوتاری یەکەم رۆژی دەستپێکردنی خوێندنی ساڵی 2022-2023دا رایگەیاند، هیوادارە دەستێوەردانی حیزبی لە ناوەندەکانی خوێندن بنبڕبکرێت، بەتایبەت لە دانانی بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکان، "چونکە تاوەکو دەستێوەردان هەبێت، چاوەڕێی پەروەردەی باش ناکرێت."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 13.9.2022 دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، داواکارم حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستبکات بە بەرزکردنەوەی پلەی مووچەخۆران، چونکە فەرمانبەران نەبوونیی زۆریان چەشت، بۆیە داوا دەکەین ساڵێک خزمەتیان بە دوو بۆ هەژمار بکرێت بۆ خانەنشین بوون.
 
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی هیوای خواست، ژمارەیەک لە مامۆستایانی وانەبێژ دابمەزرێن، بەتایبەتی لە پەروەردەکانی دەرەوەی شارەکان، "چونکە میلاکمان زۆر کەمبووەتەوە، هەروەها خەرجیی مامۆستایانی وانەبێژ لەگەڵ مووچەی مامۆستایاندا لەکاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن دابەشبکرێت".
 
لە سلێمانی نزیکەی 532 هەزار قوتابی لە هەزار و 870 قوتابخانەدا دەخوێنن.
 
لە سنووری پارێزگای سلێمانی 50 هەزار و 983 سەرپەرشتیار، مامۆستا و فەرمانبەری پەروەردەیی هەن. هەزار و 870 ناوەندی خوێندن هەن. هەروەها 531 هەزار و 776 قوتابی و خوێندکار هەن. 

 

 
ئەمساڵ 43 هەزار و 91 قوتابی وەرگیراون و لە هەشت ناوەندی خوێندن، قۆناخی نوێی خوێندن کراوەتەوە. 38 ناوەندی خوێندن و باخچە کراونەتەوە. 192 بینای قوتابخانە نۆژەنکراونەتەوە. 62 قوتابخانە لە لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە نۆژەنکراونەتەوە. دەزگای روانگە و رێکخراوی منداڵپارێزیی کوردستانیش ئێستا سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی چەند قوتابخانەیەکن. 
هەروەها لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەسەر بودجەی پەرەپێدان دەستکراوە بە دروستکردنی 23 قوتابخانە، 990 ملیۆن دینار بۆ زیادکردنی پۆل تەرخانکراوە و یەک ملیار دینار لەسەر بودجەی گەشەپێدانی هەرێمەکان بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان تەرخانکراوە.
 
"تا دەستێوەردانی حیزب هەبێ چاوەڕێی پەروەردەی باش ناکرێت"
 
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی لە گوتارەکەیدا هۆشداریی لەبارەی دەستێوەردانی حیزب لە کاروبارەکانی وەزارەتی پەروەردە دا و گوتی "هیودارم دەستێوەردانی حیزبی بنبڕبکەین لە ناوەندەکانی خوێندن، بەتایبەت لە دانانی بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکان، چونکە تاوەکو ئەو دەستێوەردانە هەبێت، چاوەڕێی پەروەردەی باش ناکرێت." 

 

دڵشاد عومەر گوتی: "دڵنیاتان دەکەمەوە کە ئەگەر پەروەردە باش نەبوو، هیچ سێکتەرێک نە یەکدەگرنەوە و نە بە فرمانی یەک سەرۆک و جێگر کاردەکەن. پێویستە چۆن حیزبی رەنگاورەنگمان هەیە، بەڕێوەبەر و جێگر و یاریدەدەرەکانیشی رەنگاوڕەنگ بن، تا ئەمە نەکەین، دڵنیام پرۆسەی خوێندن باش نابێت و چاوەڕوانی حکومەتی یەکگرتووش ناکەین".
 
بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی باسی لەوەش کرد: "داوا لە حکومەت دەکەم لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو وەبەرهێنانەدا بکات کە دەیان دۆنم زەوییان کردووەتە پڕۆژەی نیشتەجێبوون، بەڵام شوێنی قوتابخانەکەیان جێهێشتووە و دروستیان نەکردووە، یان بەشێکیان داگیرکراون و کراون بە قوتابخانەی ناحکومی. هەروەها هەندێ گەڕەک بوونەتە شوێنی بازرگانی و قوتابییان تێدا نەماوە، لەبەرئەوەی قوتابخانەکان چەندین ساڵە داخراون، رۆژ بە رۆژ وێران دەبن، دەکرێ بە لیژنەیەک بخەمڵێنرێت و لە بەرامبەر ئەوانەدا چەندین بینای نوێی خوێندنمان بۆ دروستبکرێت".
 
لە خانەقین بەهۆی چلەی ئیمام حوسێنەوە هیچ رێوڕەسمێک بۆ دەستپێکردنی خوێندن بەڕێوەنەچوو
 
بەهۆی چلەی ئیمام حوسێنەوە، لە خانەقین هیچ رێوڕەسمێک بۆ ساڵی نوێی خوێندن بەڕێوەنەچوو و تەنانەت زەنگیش لێنەدرا. مامۆستا خالید عەبد عەلی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ژیار لە خانەقین بە رووداوی راگەیاند، ئەمساڵ خستنەبەر خوێندنی منداڵی کورد لە قوتابخانە کوردییەکان لە پار باشترە "پار حەوت قوتابیمان بۆ پۆلی یەک وەرگرت، ئەمساڵ 16مان وەرگرتووە".
 
 
لە گوڵاڵە هیچ قوتابخانەیەکی کوردی نییە و لە قەرەتەپەش یەک دانە هەیە
 
لە ناوەندی خانەقین، 24 قوتابخانەی کوردی هەن، بەڵام پێش رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017، 31 قوتابخانە بوون. لەکاتێکدا پێش 2017 لە خانەقین 40 قوتابخانەی عەرەبی هەبوون، بەڵام ئێستا بووەتە 62 قوتابخانە. هەروەها تەنیا چوار قوتابخانەی ئامادەیی کوردی هەن، لە بەرامبەردا 36ی عەرەبی هەن.
 
پێش رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017، لە ناحیەی قەرەتەپە 40 قوتابخانەی عەرەبی و دووی کوردی هەبوون، بەڵام ئێستا تەنیا یەک قوتابخای کوردی ماوە کە تەنیا 42 قوتابی تێیدا دەخوێنن، لەکاتێکدا پێشتر 70 قوتابی هەبوو. لە ناحیەی جەبارە دوو قوتابخانەی کوردی هەبوون، ئێستا یەک قوتابخانە هەیە کە تەنیا حەوت قوتابی تێیدا دەخوێنن. لە ناحیەی گوڵاڵەش پەروەردەیەکی نوێ کراوەتەوە و هیچ قوتابخانەیەکی کوردی تێدا نییە.
 
مامۆستا خالید عەبد عەلی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ژیار لە خانەقین دەڵێت "سوپاسی وەزارەتی پەروەردە دەکەین کە کتێبی لەکاتی خۆیدا بۆ ناردین، بەڵام هێشتا هەندێ کتێبمان پێویستە و هیوادارم بۆمان بنێرن، چەند ساڵە ئێمە تەنانەت لەکاتی بێ مووچەییش قوتابخانەمان جێنە‌هێشت بۆ ئەوەی قوتابییەکانمان نەچنە قوتابخانە عەرەبییەکان".