بافڵ تاڵەبانی: ژیانی خەڵکەکەمان زۆر لەوە گەورەترە بکرێتە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتی دەڵێت، "ناکرێت گوزەرانی خەڵک و شایستەداراییەکان بە بابەتە سیاسییەکانەوە ببەسترێتەوە، چونکە ژیانی خەڵکەکەمان زۆر لەوە گەورەترە کە بکرێتە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان و هەموو هەنگاوێکیش لەپێناو کۆتاییهێنان بەو دۆخە نەخوازراوە دەگرینەبەر." بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت، "پێمانوایە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەهێزیمان پەیوەستە بە یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستیمانەوە."
 
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنەکەی، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغدا پێشوازیی لە ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کردووە و گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئابووری، ئەمنییەکان و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردووە.
 
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی یەکێتی دەڵێت، هەردوولا جەختیان لە چارەسەری دەستووری و سیاسییانەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردووەتەوە، بە شێوەیەک "کە وەڵامدەرەوەی خواستی هەموولایەک بێت و سەقامگیریی ناوچەکە پارێزراو بێت."
 
بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە، "ناکرێت گوزەرانی خەڵک و شایستەداراییەکان بە بابەتە سیاسییەکانەوە ببەسترێتەوە، چونکە ژیانی خەڵکەکەمان زۆر لەوە گەورەترە کە بکرێتە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان و هەموو هەنگاوێکیش لەپێناو کۆتاییهێنان بەو دۆخە نەخوازراوە دەگرینەبەر." 
هەروەها گوتووشیەتی، "پاراستنی ئارامیی ناوچەکە ئەرکی هەموومانە و دەبێت بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکرێت، هیچ سەقامگیرییەکیش بەدینایەت ئەگەر بەسەر ئاڵنگارییەکاندا زاڵ نەبین و هەموومان لەپێناو داهاتوویەکی گەشتردا تێنەکۆشین."
 
دۆخی گشتیی هەرێم و پرسی هەڵبژاردن تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون و لەوبارەیەوە سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوە کردووە، "پێویستە هەموو پرسە نیشتمانییەکان کۆدەنگیی هەموولایەنەکانی لەسەربێت و هەموو هەوڵێکیش لە دەرەوەی ئەو ئیرادەیە رەتدەکەینەوە، پێمانوایە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەهێزیمان پەیوەستە بە یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستیمانەوە، بۆ ئەمەش لە هەوڵەکانمان بەردەوامین."