ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە پارێزگای لوڕستان زۆر دابەزیوە
رووداو دیجیتاڵ
لوڕستان یەکێکە لە پڕئاوترین پارێزگاکان لە ئاستی ئێران، بەڵام ساڵ بە ساڵ یەدەگی ئاوی کەم دەبێتەوە، ساڵی رابردوو بارانی زۆر باری، بۆیە خەڵک پێیان وابوو ئاو کێشەی نابێت، بەڵام بارودۆخ پێچەوانەیە.
خەڵک لە دەشتی سیلاخوەر، سەر بە شاری دروود دەڵێن، بۆ گەیشتن بە ئاو 138 مەتر زەوییان هەڵکەندووە، بەڵام نەگەیشتوونەتە ئاو، کەچی پێشتر وا نەبووە.
داریوش حەسەن نەژاد، بەڕێوەبەری دامەزراوەی ئاوی لوڕستان دەڵێت، "بەکارهێنانی ئاو لە سیلاخوەر زۆر زۆرە و ئاستی ئاو رۆژ لەدوای رۆژ دادەبەزێت." حوسێن گودەرزی، نوێنەری دروود گوتی، "ئاوی سیلاخوەر رووی لە وشکبوونە."
بارودۆخی دەشتاییەکانی دیکەی پارێزگای لوڕستانیش ئەگەر خراپتر نەبێت، باشتر نییە. دەشتەکانی کویەشت و رومشکان دەشتی قەدەخەن، دەشتی ئەشتەریانیش لە مەترسیدایە و بەدوور نییە بکرێتە دەشتی قەدەخەکراو، بە مانایەک کە نابێت ئاویان بۆ کشتوکاڵ لێ هەڵێنجرێت.
لە لوڕستان کێشەکە زیاتر لەوەی کەمیی بەفر و باران بارین بێت، کێشە بۆ خراپ ئیدارەدانی ئاو دەگەڕێتەوە. ئەمە قسەی سەرۆککۆماری ئێرانیشە کە دوو ساڵ لەمەوبەر چووە لوڕستان.
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، "دەبێت بەکارهێنانی ئاو کۆنترۆڵ بکرێت، بۆ ئەوەی بەشی پیشەسازی بکات، هەم ئاو بۆ کشتوکاڵ دابین ببێت و هەم ئاوی خواردنەوەش. ئیدارەدانی ئاو بابەتێکی زۆر گرنگە. نابێت ئاو بەفیڕۆ بدرێت."
یەکێک لە رێگاکانی کۆنترۆڵی ئاو ئەوەیە، بەرهەمێک بچێندرێت کە کەمتر پێویستیی بە ئاو بێت، هەروەها کشتوکاڵیش دەبێت میکانیزە بکرێت و رێکاری گونجاوی بۆ بگیرێتەبەر.
ئیسفەندیار حەسەن موقەدەم، سەرۆکی رێکخراوی کشتوکاڵی لوڕستان دەڵێت، "هۆکاری پەرەنەسەندنی لوڕستان ئەوەیە کە نیو لەسەد ئاوی کۆنترۆڵکراومان هەیە، هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە لە ساڵێکی پڕ بارانی وەکو 2019دا لافاوێکی زۆر رووخێنەر هەڵدەستێت، کە هەزار و 500 تریلیۆن تمەن تەنیا زیانی بە کشتوکاڵ گەیاند، دوو ساڵ دواتریش کە لە 100 ساڵی رابردوودا یەکێک لە وشکترین ساڵەکان بووە، 5 تریلیۆن و 500 ملیار تمەن زیان بە کشتوکاڵ بگات، واتە 40%ی بەرهەمی کشتوکاڵیی پارێزگا."
هۆکارێکی گرنگی کێشەی ئاو لە پارێزگای لوڕستان، گواستنەوەی ئاوی ئەم پارێزگایە بۆ پارێزگاکانی ئێرانە، کە گەورەترین پڕۆژەی وەکو پرۆژەی قومروود دەناسرێت و ئاو بۆ پارێزگاکانی قوم و ئیسفەهان دەگوازێتەوە.
ئەم پرۆژەیە، جگە لە ئاوی کشتوکاڵ، سەرچاوەی ئاوی دەیان گوندیشی وشککردووە و ئێستا بە تانکەر ئاویان بۆ دابین دەکرێت.