بەهۆی دەمەقاڵێوە لە سنووری سەیدسادق 5 کەس بریندار بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

لە دوو گوندی سنووری قەزای سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی، شەڕ لەنێوان چەند کەسێکدا روویدا و بەو هۆیەوە 5 کەس بریندار بوون.
 
شەڕەکە درەنگانی شەوی رابردوو لەنێوان بەشێک لە هاونیشتمانییانی گوندەکانی کەچەڵی و ماو لە سنووری قەزای سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی روویداوە.
 
کەمال سەعدوون، کارگێڕی ئێشگر لە نەخۆشخانەی گشتی شەهید شەوکەت لە سەیدسادق، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێنج بریندار هێندرانە نەخۆشخانەکەمان کە برینی دووانیان سەخت و سێیەکەی دیکەیان باشتربوو".
 
دوو لە بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی کراون.
 
بە گوتەی کەمال سەعدوون، لە شەڕەکەدا چەک بەکارنەهێندراوە و ئەوانەی برینداربوون بە چەقۆ، دار و بەرد بریندارکراون.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، شەڕەکە لەسەر چەند تانکەرێکی سووتەمەنی بووە کە سنووری ئەو گوندانە وەک گۆڕەپانی وەستان بەکاردەهێنن.
 
هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە چوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بەلێکۆڵینەوە کردووە و چەند کەسێکیان لە تۆمەتبارەکان دەستگیرکردووە.