لە ناوەندی پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی هەموو موەلیدە ئەهلییەکان کوژێندراونەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

"بەهۆی کارەبای 24 کاژێرییەوە" هەموو موەلیدە ئەهلییەکانی ناوەندی پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی کوژێندراونەتەوە. سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر دەڵێت: "زیاتر لە هەزار موەلیدە لە سنووری پارێزگاکە کوژێندراونەتەوە و نزیکەی 200 موەلیدە کار دەکەن".
 
کارەبای 24 کاژێری لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدایە، کە 17ـی تشرینی یەکەمی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا و مانگی ئایاریش پڕۆژەکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسند کرا. لەوکاتەوە دەستکرا بە کوژاندنەوەی موەلیدەکان، تاوەکو ئێستا نزیکەی 3000 موەلیدە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کوژێندراونەتەوە.
 
ڕۆژی شەممە، 13ـی ئەیلوولی 2025، خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە سنووری هەر 6 شارەوانیی هەولێر، 1250 و لە قەزا و ناحیەکانیش 300 موەلیدە کوژێندراونەتەوە؛ بەڵام بەشێکی گوند و قەزا و ناحیەکانی سەر بە پارێزگای هەولێر ماون، بڕیارە ئەوانیش بکوژێندرێنەوە".
 
بە گوتەی خۆران خۆرانی، لە سنووری قەزای شەقڵاوە، کۆڕێ، هەریر، باسرمە، هیران، نازەنین و چەند گوندێکی دیکەی سەر بەم قەزا و ناحیانە نزیکەی 200 موەلیدە ماون و لەم دوو مانگەدا ئەوانیش دەکوژێندرێنەوە.
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر گوتی: "نزیکەی 100 موەلیدە لە هۆتێل، مارکێت، نەخۆشخانە ئەهلییەکان و پێش ماڵان کوژێندراونەتەوە؛ بە کۆی گشتی تاوەکو ئێستا لە پارێزگاکە 1750 موەلیدە کوژێندراونەتەوە".
 
هاوکات هەکار هرووری، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە رووداوی گوت: "هەموو موەلیدەکانی سەنتەری دهۆک کوژێندراونەتەوە کە نزیکەی 400 موەلیدە دەبن، بەڵام بەشێکی گوند، قەزا و ناحیەکانی سەر بە پارێزگاکە ماون، کە بەشێکیان ئەم سەری مانگە موەلیدەکانیان دەکوژێندرێنەوە. کۆی گشتی نزیکەی 1300 موەلیدە لە پارێزگەکە هەن".
 
عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "لە مانگی ئاداری ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا، 600 موەلیدە بەهۆی پڕۆژەی رووناکییەوە کوژێندراونەتەوە، لە ساڵی 2023ـشدا 28 موەلیدە لەنێو بازاڕدا کوژێندرابوونەوە، ئێستاش هیچ موەلیدەک لە سەنتەری سلێمانی نەماوە، تەنیا یەک دانە کار دەکات، کە دەکەوێتە ناوچەی پیشەسازیی یەک لای پێشانگای ئۆتۆمبێلەکان".
 
سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی گوتی: "لە هەموو پارێزگاکە بە ئیدارە سەربەخۆکانیشەوە نزیکەی 1000 موەلیدە هەن. لە پارێزگای هەڵەبجەش 35 موەلیدە هەن، کە ئێستا کار دەکرێت بۆ کوژاندنەوەی ئەوانیش".
 
ئێستا لە هەرێمی کوردستان، ژمارەی سوودمەندبووانی کارەبای نیشتمانی لە چوار ملیۆن هاوبەش نزیک بووەتەوە کە دەکاتە زیاتر لە 60٪ـی کۆی دانیشتووان.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 زیاتر لە 7000 مۆلیدە بکوژێنێتەوە و کارەبای 24 کاژێری بۆ تەواوی ناوچەکان دابین بکات.