پەیامنێری رووداو: لە رووداوە هاتووچۆکەی کەرکووک 6 کەس گیانیان لەدەستداوە

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە رووداوە هاتووچۆکەی کەرکووک گیانیان لەدەستدا، بۆ 6 کەس بەرزبووەوە، کە سیانیان خوێندکاری زانکۆن.

هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، لە رووداوە هاتووچۆکەی رێگەی بازنەیی کەرکووک 6 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە سیانیان لەنێو ئۆتۆمبێلە بچووکەکەدا بوون، سیانەکەی دیکەش شۆفێری بارهەڵگر بوون و لە شوێنی رووداوەکە بەرکەوتوون و گیانیان لەدەستداوە.

جگە لە گیانلەدەستدانی ئەو شەش کەسە، دوو کەسی دیکەش بریندارن. خاڵی یەکێک لە بریندارەکان بە رووداوی گوت، "دۆخی یەکێک لە بریندارەکان زۆر باشە و جێگیرە، بەڵام یەکێکیان هاوار دەکات و دەڵێت: سنگم ژان دەکات."

هەروەها مامی ئەو دوو بریندارە، کە ناویان زەکەریا و عەبدوڵڵایە، بە رووداوی گوت، ئێوارە تەلەفۆنیان بۆ کردووە و گوتوویانە دەچن بۆ سەیران و سێ کەسن، بەڵام دواتر دوو برادەری دیکەیان هەڵگرتووە و بوون بە پێنج کەس، "چوون بۆ سەیران، ئێوارە لە دووکان بوون و بەیانی کە گەڕاونەتەوە، ئامۆزای شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە تەلەفۆنی کردووە و گوتوویەتی، تاقیکردنەوەم هەیە و وەرە بمبە بۆ هۆڵی تاقیکردنەوە، بەوەش بوون بە شەش کەس."

لە درێژەی گێڕانەوەکەدا مامی بریندارەکان لە زمانی برازاکانیەوە گوتی، "دوای ئەوەی نەفەری شەشەمیان هەڵگرتووە، دایکی شۆفێرەکە پێی گوتوون، زوو بیگەیێنن، دواکەوتووە بۆ تاقیکردنەوە، کەمێک بە خێرایی لێیخوڕیوە،" دواتر تاسەیەک هاتووەتە بەردەمیان، لە تاسەکەیان داوە و خۆیان کردووە بەژێر ترێلەیەکدا.

هەروەها گوتیشی، ئەو سێ کەسەی لەناو ئۆتۆمبێلە بچووکەکە گیانیان لەدەستداوە ناویان ئەلەند، ئوسامە و یوسفە.

پێش گیانلەدەستدانی دوو لە بریندارەکان، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک بە رووداوی راگەیاندبوو، دۆخی بریندارەکانیش ناجێگیرە.

تیمەکانی پۆلیسی هاتووچۆ و فریاگوزاری بە خێرایی چوونە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەکان لەبارەی هۆکاری رووداوەکە دەستیپێکردووە.