زۆربەی ئەو گەنجە کوردانەی شەوی رابردوو لە کەرکووک دەستگیرکران، بە کەفالەت ئازادکران
رووداو - کەرکووک
لە گەڕەکی شۆڕجەی کەرکووک هێزێکی لیوای 61ی ئەنجوومەنی وەزیران هەڵمەتی رەشبگیریی گەنجانی کوردیان ئەنجامدا، ساتی هێرشەکەش لە کامێراکانی چاودێرییەوە تۆمارکرا و ناڕەزایی زۆری سەرکردە و لایەنە کوردییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.
پیاوێک کە خۆی و کوڕەکانی لەبەردەم ماڵی خۆیان بوون، کاتێک هێزەکە چوونەتە سەریان، دوای ئازاردانی خۆی، کوڕەکەییان دەستگیرکردووە.
رەشبگیریی هێزە عێراقییەکان لە هەردوو گەڕەکی شۆڕجە و رەحیماوا ئەنجامدرا و زیاتر لە 70 گەنجی کوردیان دەستگیرکرد، هێزێکی زۆر بە چەکی قورسەوە گەمارۆی ئەو دوو گەڕەکەیان داوە و بە بیانووی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لە ئاهەنگی سەرکەوتنی هەڵبژاردن ئاژاوەگێڕییان کردووە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵان.
کامێرای چاودێری دیمەنێکی ڤیدیی دیکەی تۆمارکردووە کە تێیدا سەربازێک بە شەق دەرگای ماڵێک دەکاتەوە و کوڕێکیش لەو ماڵەدا بە لێدان دەبەن. گوشاری زۆر کرا و بە فەرمانی سەرۆکوەزیران گەنجەکان دوای دادگاییکردنیان ئازادکران. بە گوتەی گەنجەکان، زۆربەیان ئەشکەنجە دراون و سوکایەتیی زۆریان پێ کراوە.
لەو ماڵەی کە سەربازێک بە شەق دەرگاکەی کردووەتەوە، پیرەپیاو و پیرەژنیش ئازاردراون و لێیان دراوە، ئەحمەد عەباس، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان دەڵیت، "سۆندەیەکیان پێبوو، دەیدایە سەر دەستما، دەیانگوت دەنگتان بە کێ داوە با ئەوە پارێزگاریتان لێبکات".
ئەوانەی دادگایی کران 37 کەس بوون، کە دوای دەستگیرکردنیان لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە رادەستی پۆلیس کرابوون، بەڵام جگە لەوانە زیاتر لە 35 کەسی دیکە هەر لەژێر ئەشکەنجە و لێدانی هێزە عێراقییەکان هێڵدرابوونەوە و دواتر ئازادکران، زۆربەشیان شوێنەواری ئەشکەنجە و لێدان بە جەستەیانەوە دەبینرێت.
یەکێک لە دەستگیرکراوەکان بەناوی محەممەد رزگار دەڵێت، "لای ئەم یاریگایە دانیشتبووین، کاتێکمان زانی چواردەورمان گیرا، نەمانتوانی رابکەین، هەتا توانییان لێمانیان دا، 50 بۆ 60 گەنج بووین، لە هەموومان درا".
دەستگیرکراوێکی دیکە بەناوی ئیسماعیل سەرکەوت ئاماژەی بەوە کرد، "لەناو ئۆتۆمبێل دانیشتبووین، ئەفسەرێک هات و گوتی کێ ئیسماعیلە؟ گوتم منم. گوتی تۆ تیرۆریستی. جنێوی زۆریان پێمان دا، یەکێک لەسەر قاچم دانیشتبوو، یەکێکی دیکە بە پۆستاڵ لە دەم و چاومی دەدا".
بۆ ئەو رووداوە، جیا لە دەستوەردان لە ئاستی باڵا و سەرکردایەتیی کورد، تیمێکی پارێزەرانی خۆبەخش کە ژمارەیان 12 پارێزەرە، کاروباری یاساییان بۆ گەنجەکان کردووە.
رێباز فوئاد، پارێزەری خۆبەخش دەڵێت، "ئەم گەنجانە بەپێی ماددەی 222 دەستگیرکراون، واتە رێکخستنی گردبوونەوەی نایاساییان رێکخستووە، توانیمان بە کەفالەت ئازادیان بکەین، بە کەفالەتی سێ ملیۆن و فەرمانبەرێک پشتگیرییان بکات".
هێزە سەربازییەکان دوای نزیکەی 24 کاژێر لە هەردوو گەڕەکی شۆڕجە و رەحیماوا کشانەوە، بەڵام جیا لە ئازادکردنی ئەو گەنجانە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 10 گەنجی دیکە کە زۆربەیان لە ئاهەنگی فلکەی ئیخوانی دەستگیرکرابوون، ئازاد نەکراون و لە بنکەی پۆلیس دەستبەسەرن.