ئەردۆغان: چالاکییەکانی ئەمریکا لەگەڵ درێژکراوەی پەکەکە لە سووریا مەترسین بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیمان

 

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا وەڵامی سەرۆکی ئەمریکا دەداتەوە و دەڵێت، "ئەو چالاکییانەی ئەمریکا لەگەڵ درێژکراوەی پەکەکە لە سووریا ئەنجامیان دەدات، مەترسییەکی نائاسایی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا دروست دەکەن." 
 
ئەمڕۆ هەینی، 13ـی تشرینی یەکەمی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە چوارەم دیداری ئابووریی تورکیا-ئەفریقا کە لە ئیستەنبووڵ رێکخرابوو، بەشداریکرد. ئەردۆغان گوتارێکی پێشکێش کرد و لە بەشێکیدا تیشکی خستە سەر گوتەکانی دوێنێی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان. 
 
بایدن لە راگەیێندراوێکدا گوتبووی، "دۆخی سووریا و بەتایبەت کردارەکانی حکومەتی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، زیان بە هەڵمەتی لەنێوبردنی داعش لە عێراق و سووریا دەگەیێنن، ژیانی خەڵکی سڤیل دەخەنە مەترسییەوە و زیانیش بە ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەگەیێنن؛ هەروەها مەترسییەکی نائاسایی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتیی دەرەوەی ئەمریکا دروست دەکەن."
 
لە وەڵامدا ئەمڕۆ هەینی رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی، "ئەو چالاکییانەی ئەمریکا لەگەڵ درێژکراوەی پەکەکە لە سووریا ئەنجامیان دەدات، مەترسییەکی نائاسایی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا دروست دەکەن. ئایا لەگەڵ ئەمریکا لە ناتۆ پێکەوە نین؟ پێکەوەین. ئەمریکا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێمەی نەخستە خوارەوە؟ خستیە خوارەوە. کەواتە لە ناتۆدا چۆن پێکەوەین؟ چۆن دەتوانن شتی لەو جۆرە بکەن؟"
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە هاوبەشێکی سەرەکیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە لە شەڕی دژی داعشدا. ئەمریکا نزیکەی 900 سەرباز و راوێژکاری سەربازی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و ناوچەی تەنف لە سووریا هەیە. 
 
یەپەگەی باڵی چەکداریی پەیەدە، پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدەیە. تورکیا دەڵێت، پەیەدە باڵی رۆژئاوای کوردستان و سووریای پەکەکەیە و داوا لە ئەمریکا دەکات لەسەر ئەو بنچینەیە، کارکردن لەگەڵ هەسەدە بوەستێنێت. 
 
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو روونکردنەوەیەی جۆ بایدن لەگەڵ "گیانی هاوپەیمانی و هاوبەشی ستراتیژی" نێوان تورکیا و ئەمریکا یەکناگرێتەوە و "بوێری"ش دەداتە هەسەدە کە سووریا دابەش بکات.
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی، هەڕەشەی تیرۆر لەسەر وڵاتەکەیان هەیە و هەربۆیە سوورن لەسەر "رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە سەرچاوەکەیەوە".  
 
لێدوانەکان لە کاتێکدان، رۆژی 5-10-2023 تورکیا دەستی بە بۆردوومانکردنی چەندین ئامانج لە رۆژئاوای کوردستان کرد، ئەوەش دوای هێرشێک بۆ سەر ئاسایشی گشتیی تورکیا لە ئەنقەرە. 
 
هێرشەکە رۆژی 1ی تشرینی یەکەم بوو، کاتێک دوو کەس لەبەردەم ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە ئەنقەرە لە ئۆتۆمبێلێک دابەزین؛ یەکێکیان خۆی تەقاندەوە و ئەوی دیکەش لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێکرا و کوژرا. لە هێرشەکەدا دوو پۆلیسی تورکیا بریندار بوون.
 
تورکیا باس لەوە دەکات کە دوو هێرشکارەکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە چووبوونە تورکیا، بەڵام بەرپرسانی هەسەدە ئەوە رەتدەکەنەوە.
 
ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بە شێوەیەکی سەرەکی کێڵگە و بیرە نەوتییەکان؛ هەروەها دامەزراوەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە و بارەگا چەکدارییەکانیان کردە ئامانج.