کەمپی پەنابەرانی مەخموور بۆردوومان کرا و 'ئافرەتێک بریندار بوو'


رووداو دیجیتاڵ

سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ کەمپی پەنابەرانی باکووری کوردستان لە شارۆچکەی مەخموور بۆردوومان کرا، بەهۆیەوە "ئافرەتێکی دانیشتووی کەمپەکە بریندار بوو."

رزگار مستەفا، قایمقامی مەخموور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 09:30 خوولەکی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی 13-10-2023 کەمپی پەنابەرانی باکووری کوردستان لە مەخموور بۆردوومان کرا.

سەبارەت بە زیانەکانی بۆردوومانەکە، قایمقامی مەخموور گوتی، "بەهۆی بۆردوومانەکەوە ئافرەتێکی تەمەن 50 ساڵ بریندار بوو، کە دانیشتووی کەمپەکەیە."

 
لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەوە دووەم جارە کەمپی مەخموور لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە بۆردوومان دەکرێت. ئێوارەی رۆژی 07-10-2023 دوو مووشەک ئاراستەی کەمپەکە کران، لە ئەنجامدا ژنێک، مێردمنداڵێک و منداڵێک بە سووکی بریندار بوون.
 
 
کەمپی مەخموور، دانیشتووانەکەی پێی دەڵێن کەمپی (شەهید رۆستەم جوودی)، لە ساڵی 1998ـەوە لە بناری چیای قەرەچووخ لە رۆژهەڵاتی مەخموور بۆ پەنابەرانی کوردی باکووری کوردستان دروستکراوە.
 
بەپێی ئامارەکانی ئیدارەی مەخموور، نزیکەی 10 هەزار کەس لە کەمپەکەدا نیشتەجێن. تورکیا زیاتر لە جارێک رایگەیاندووە، کەمپەکە بووەتە شوێنی پێگەیاندنی ئەندامانی پەکەکە و تاوەکو ئێستا چەند جارێک بۆردوومانی کردووە.