بزووتنەوەی گۆڕان: هەر وەزیرێکمان بڕیاری کشانەوە نەدات، لە ئێمە نییە
رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی گۆڕان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەر وەزیرێکیان بڕیاری کشانەوە لە پۆستی وەزاری نەدات، پەیوەندیی رێکخراوەیی بە بزووتنەوەکەیانەوە نامێنێت.
لە راگەیێندراوەکەی بزووتنەوەکەدا هاتووە، "بە پێزانینەوە لە هەڵوێستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیرەکان و پارێزگاری سلێمانی دەڕوانین، کە لە کۆی شەش پۆستی سیاسی، پێنجیان پابەندییان بە بڕیاری سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕانەوە دەربڕیوە، لەوانەش جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەزیری دارایی و ئابووری، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و پارێزگاری سلێمانی."
هەروەها گۆڕان دەشڵێت، "بە پێچەوانەوە، هەر وەزیرێک، بە هەر بیانوو و پاساوێک، بڕیاری کشانەوە لە پۆستی وەزاری نەدات، پەیوەندیی رێکخراوەیی بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە نامێنێت."
رۆژی شەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2024 جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری گشتی بزووتنەوەکە نییە و، "جڤاتی نیشتمانیی هەڵبژێردراو بەرزترین دامەزراوەی بڕیاردانە. پێویستە تەواوی هەڵسوڕاوانی گۆڕان پابەندی دەستوور و جڤاتی نیشتمانیی هەڵبژێردراو بن."
رۆژی 28ی ئەیلوولی 2024 دانا ئەحمەد مەجید وەکو رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دانرا، ئەمەش تاوەکو ئەوکاتەی کۆنگرە دەکرێت.
رۆژی 10-10-2024 دانا ئەحمەد مەجید لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کشانەوەی حیزبەکەی لە هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى خۆجێیی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە راگەیاند، بەڵام دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان پابەندی بڕیارەکە نەبوو و گوتی، "دیاریکردنی دانا ئەحمەد مەجید وەک رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان نایاسایی و نادەستوورییە" و "بۆ کشانەوەم لە حکومەت تەنیا پابەندی بڕیاری جڤاتی نیشتمانی دەبم."