بازرگانیی هەرێمی کوردستان: بەغدا 15 ملیار و 500 ملیۆن دیناری دیکەی پارەی گەنمی جووتیارانی نارد
رووداو دیجیتاڵ
بەشی دووەمی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نێردرا. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "15 ملیار و 500 ملیۆن دینارە."
ئەمڕۆ دووشەممە 13-10-2025 نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وەک بەشی دووەمی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، بەغدا 15 ملیار و 500 ملیۆنی دیکەی رەوانە کرد."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، لە ئەمڕۆوە دەست بە جێبەجێکردنی رێکارەکان دەکەن و بەم زووانە ئەو 15 ملیار و نیوەش دابەش دەکرێ.
بەشی یەکەم 57 ملیار دینار بوو؛ 25 ملیار دیناری بۆ جووتیارانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، 20 ملیار دینار بۆ جووتیارانی پارێزگای هەولێر و 12 ملیار دیناریشی بۆ جووتیارانی پارێزگای دهۆک بوو.
لەبارەی ئەو 57 ملیارەوە نەوزاد شێخ کامیل گوتی، "ئەو پارەیەمان دابەش کردووە و خەریکە تەواو دەبێ؛ رێکارەکانی بەشی دووەممان دەستپێکردووە و بەم زووانە ئەویش دابەش دەکەین."
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەرگرت کە بەهاکەی زیاتر لە 300 ملیار دینارە.
سەبارەت بەو پارەیەی ماوەتەوە، ئەو بەڕێوەبەرە گوتی: "لەگەڵ بەغدا قسەی جیدیمان کردووە و دەڵێن بەزووترین کات ئەو پارەیەی ماوە دەینێرین. لەو 15 ملیار و نیوە، شەش ملیار بۆ سلێمانی، 5 بۆ هەولێر و 4.5ی بۆ دهۆک تەرخان کراوە."
پشکی گەنمی وەرگیراوی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە 158 هەزار تۆن بوو؛ پشکی پارێزگای هەولێر 122 هەزار تۆن و دهۆکیش نزیکەی 118 هەزار تۆن بوو.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی چاندن، لە هەرێمی کوردستان دابەشکردنی گەنمی بنەتۆو دەستیپێکردووە. هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ 3 هەزار و 254 تۆن گەنمی بنەتۆو بە نرخی پاڵپشتیکراو دەدەینە جووتیاران."
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت: "بنەتۆ بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان دابینکراوە و خەریکین دابەشی دەکەین."