زیاتر لە 112 ملیار دینار بۆ ئاوی کۆیە خەرج دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دا بە خەرجکردنی زیاتر لە 112 ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی ئاو لە کۆیە. بەڕێوەبەری ئاوی قەزاکە دەڵێت، "زیاتر لە 10 پارچە زەوی دابەشکراوە پێویستی بە ئاوە بۆ ئاوەدانکردنەوە".
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بڕیارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەریی ریشەیی و درێژمەودای گرفتی كەمئاوییە لە سنووری قەزای كۆیە لە پارێزگای هەولێر.
هۆگر کەیفی، بەڕێوەبەری ئاوی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشتر داوای ئەو پڕۆژەیەمان کردبوو، بۆ ئێستا کە کۆیە فراوان بووە زۆر پێویستە و ساڵانە کێشەی کەمیی ئاومان هەیە".
بەڕێوەبەری ئاوی کۆیە گوتی، لە سنوورەکەیان زیاتر لە 10 هەزار پارچە زەویی دابەشکراوە و پێویستییەکی لەپێشینەیان دابینکردنی ئاوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی. گوتیشی: "ئاوی ژێرزەویمان زۆر کەمی کردووە و زۆرینەی وشک بووە، ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بکرێت پێویستمان بە ئاوی ژێرزەوی نامێنێت".
گوژمەی پارەی پڕۆژەکە 112 ملیار و 147 ملیۆن و 52 هەزار و 585 دینارە. ئومێد خۆشناو گوتی پرۆژەکە "بەشێوەی نەختینە و قۆناخ" جێبەجێ دەکرێت، کە بریتییە لە راكێشانی هێڵی دووەمی ئاوی خواردنەوە بۆ كۆیە.
سەرچاوەی ئاوی پڕۆژەکە راكێشانی ئاو دەبێت لە زێی بچووك. بەگوێرەی پارێزگاری هەولێر، جگە لە دانیشتووانی کۆیە، ناحیەکانی سنوورەکەش لێی سوودمەند دەبن.
لەبارەی کاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەش پارێزگاری هەولێر گوتی: "لەم نزیكانەدا كار لەسەر قۆناخەكانی پرۆسەی دەستپێكردنی پڕۆژەكە لەلایەن کۆمپانیایەکی نێوخۆیی و بە دیزاینێكی سەردەمیانەی ئەورووپی و نوێترین تەکنەلۆژیا و كرێكاری خۆماڵی دەكرێت و دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە".
بەڕێوەبەری ئاوی کۆیە ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا لە 24 کاژێردا نزیکەی 34 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەمدەهێنن، بەڵام سنووری قەزاکە لەو بڕە زیاتری پێویستە".