لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە سنە 12 کەس برینداربوون
رووداو دیجیتاڵ
رووداوێکی هاتووچۆ لە نزیک شاری سەقزی پارێزگای سنە 12 برینداری لێکەوتەوە. بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگاکە دەڵێ، سەرجەمیان بۆ نەخۆشخانە گوێزراونەتەوە.
رووداوەکە شەوی رابردوو لە رێگەی بانە-سەقز و لە نزیک گوندی بلەجەڕ روویدا. پەیام جەلالی، بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگاکە رایگەیاند، دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆرەکانی پیژۆ 405 و پراید کە 12 سەرنشینیان تێدابووە، پێکیانداداوە.
بەگوتەی پەیام جەلالی، لە ئەنجامی رووداوەکە سەرجەم سەرنشینانی دوو ئۆتۆمبێلەکان بریندار بوون.
دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەیەکی شاری سەقز کران.
بەگوێرەی دادپزیشکیی ئێران، لە 21-03-2024 تاوەکو 21-03-2025 لانیکەم 20 هەزار و 45 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.