هیوا ئەحمەد مستەفا: سەرۆک بارزانی فەرمانی کرد لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بکەینەوە


رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند، لەم هەفتەیەدا پلان دادەنێن بۆ ئەوەی سەردانی سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکان بکەن. دەشڵێت، لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی، سەرۆک مەسعود بارزانی فەرمانی کرد "لاپەڕەیەکی نوێ" لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بکەینەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 13-11-2022، هیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان میوانی بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: "لە یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی یەکەم بڕیارمان ئەوەبوو، هەوڵ بدەین یەکڕیزی نێوماڵی کوردستانی بەهێز بکەین و دەست بکەینەوە بە گەڕێکی گفتوگۆکردن لەگەڵ هەموو حیزب و لایەنەکان. ئەگەر هەیە لە هەفتەی داهاتوودا دەست بە پلاندانان بکەین بۆ ئەوەی کەی و چۆن دەست بە سەردانەکانمان بکەین." 
 
هیوا ئەحمەد مستەفا گوتی: "لەگەڵ هەموو حیزب و لایەنەکان کۆدەبینەوە و هیچ حیزبێک بەدەر نییە لەو بابەتە، لەبەرئەوەی هەموومان لەو وڵاتەدا بەیەکەوە دەژین و چارەنووسی هەموومان بەیەکەوەیە، بەڵام بەدڵنیاییەوە چەپڵە بە دەستێک لێنادرێت و دەبێ لایەنەکانی دیکەش هەمان هەڵوێستیان هەبێت." 
 
ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی
 
لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا یەکێتی و پارتی لەسەر کۆمەڵێک بابەتی ناوخۆیی و عێراقی ناکۆکییان هەبووە و ئەوەش کاریکردووەتە سەر پەیوەندییەکانی هەردوولا؛ هیوا ئەحمەد مستەفا دەڵێت: "لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبینەوە و روئیای خۆمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان باس دەکەین و هیوادارین ئەوانیش بە گیانی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە بدەن کە لەنێوان هەردوولامانە." 
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەشڵێت: "پارتی دەیەوێ نەرمی بنوێنێ تاوەکو ئەو رادەیەی هیچ شتێک نەبێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان. واتا هەر شتێک پەیوەندی بە بەهێزکردنی هەرێمی کوردستانەوە هەبێت و ئامانجی خزمەتکردنی گەلی کوردستان بێت، ئێمە نەرمی لە ئاستیدا دەنوێنین." 
 
کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ
 
پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتی بەستنی کۆنگرەی 14ی پارتی بریاریدا "لاپەڕەیەکی نوێ" لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان هەڵبداتەوە و بە گوتەی هیوا ئەحمەد مستەفا، "سەرکردایەتی نوێی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئەو بڕیارە رژدە." 
 
هیوا ئەحمەد مستەفا رایگەیاند: "سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەی دوێنێی کۆمیتەی ناوەندی فەرمانی بە کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و ئێمەش هەموومان لەسەر ئەو بڕوایە بووین کە دەبێ خەڵک هەست بکات دوای کۆنگرە هەوڵێک هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، پارتیش لەسەر ئەو بابەتە رژدە." 
 
پلانی پارتی بۆ عێراق
 
هیوا ئەحمەد مستەفا پەیوەندییەکانی حیزبەکەی لەگەڵ بەغدا دەبەستێتەوە بەو رێککەوتنەی بۆ پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی واژۆیانکردووە و گوتی: "ئەگەر عێراق ئەو رێککەوتنەی لەگەڵمان کردوون جێبەجێی بکەن، لەسەر پەیوەندییەکانمان بەردەوامدەبین، ئێمە کێشەی زۆرمان لەگەڵ عێراق هەبووە لە رابردوودا." 
 
هیوا ئەحمەد مستەفا روونیدەکاتەوە: "لەسەر ئەو رێککەوتنەی بۆ پێکهێنانی حکومەت کردوومانە سوورین و وەکو پارتیش ئەوەی بکەوێتە سەر شانمان، پابەند بە رێککەوتنەکەی خۆمان دەبین و دەمانەوێ هەردوولا بەیەکەوە کێشەکان چارەسەر بکەین.
 
کشانەوەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی لە حکومەت
 
لە کۆبوونەوەی دوێنێی کۆمیتەی ناوەندی بڕیاردرا ئەوانەی دەبن بە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەبێ لە پۆستە حکومییەکان بکشێنەوە، لەبارەی ئەو بڕیارەش هیوا ئەحمەد مستەفا پێیوایە: "مەکتەبی سیاسی داینەمۆی حیزبە و سیاسەتی حیزب دادەڕێژێت، هاوکات هەموو ئۆرگانەکانی خوارووی خۆی دەجوڵێنێت، لە کۆنگرەی 14ی پارتی بڕیاردراوە، ئەوانەی دەبن بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی دەبێ خۆیان تەرخان بکەن بۆ کاروباری حیزبی." 
 
بەگوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی: "ناکرێ کەسێک لە حکومەت یان پەرلەمان بێت و لە هەمانکاتیشدا مەکتەبی سیاسی بێت. لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی دەسەڵات درایە دەست خۆیان کە ئاخۆ بەو مەرجە رازی دەبن یان نا، هەموویان ئامادەبوون پابەندی بڕیاری حیزب بن و پۆستەکانیان بەجێبهێڵن. وادەیەک بۆ کشانەوەیان دیاری نەکرا، بەڵام بەم نزیکانە ئەو ئەندامانەی مەکتەبی سیاسی دەست لە کاری حکومەت و پەرلەمان دەکێشنەوە."