لە ئیزمیر بەلەمێکی کۆچبەران ژێرئاوکەوت و پێنج کەس خنکان
رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەی چەشمە لە ئیزمیری تورکیا بەلەمێکی کۆچبەران ژێرئاوکەوت. نوێنەری فیدراسیۆنی سەرانسەریی پەنابەرانی عێراقی لە تورکیا دەڵێت، پێنج کۆچبەر خنکاون و دووانیش بێسەروشوێنن. دەشڵێت، ناسنامەیان ئاشکرا نەبووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 13-11-2023، هیوا خدر، نوێنەری فیدراسیۆنی سەرانسەریی پەنابەرانی عێراق لە تورکیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ نزیک کاژێر 07:30 بەیانی لە کەناراوەکانی ئیزمیر بەلەمێک ژێرئاوکەت و بەهۆیەوە پێنج کۆچبەر خنکاون تەرمەکانیان دەرهێندراوە.
بەلەمەکە 13 کەسی تێدابووە، شەش کەسیان رزگاریان بووە و دوو کەسیش بێسەروشوێنن. هیوا خدر دەڵێت، تاوەکو ئێستا ناسنامەی کۆچبەرەکان ئاشکرا نەبووە.
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە نوێنەری فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراقی لە تورکیا گوتی، چەند رۆژێک کەشوهەوای ناوچەکە ناجێگیرە، باران دەبارێت و رەشەبا هەیە و شەپۆلی دەریاش بەرزتر بووەتەوە و بووەتە هۆی وەرگەڕانی بەلەمەکە.
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو مانگی ئاب زیاتر لە 15 هەزار و 600 کۆچبەر لە رێگەی دەریایی و وشکانییەوە گەیشتوونەتە یۆنان و نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، زیاتر لە 12 هەزاریان لە رێگەی دەریاوە چوونەتە ئەو وڵاتە.
ئامارەکانی حکومەتی یۆنانیش ئەوە دەردەخەن، تەنیا لە مانگی ئابدا 1100 کۆچبەر و لە مانگی تەممووزدا 750 کۆچبەر گەیشتوونەتە یۆنان.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکات، لە هەشت مانگی سەرەتای 2023دا نزیکەی 1000 کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاستدا خنکاون یان بێسەروشوێن بوون.