لە کەرکووک پۆستەری بەربژێران دەشێوێنرێن؛ بەربژێرێکی پارتی بە تیپ چاکیان دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرێکی پارتی لە ماوەی 12 رۆژدا 30 پۆستەری دڕێندراوە، دەیەوێت بە تیپ پۆستەرەکانی چاکبکاتەوە، هەندێکیان 10 کاژێر دوای هەڵواسینیان دڕێندراون. بەربژێرەکە دەڵێت، "هەندێ لە پۆستەرەکانم بە ئاسنەکەوە بردوویانە."
هێمن مۆفەق، ئەو بەربژێرەی پارتییە، لە کۆمسیۆن سکاڵای تۆمارکردووە و دەڵێت، بانگەشەی هەڵبژاردن لە کەرکووک سروشتی نییە.
هەروەها گوتی، "لە کۆی 40 پۆستەر تاوەکو 30 پۆستەرم هەندێکی دڕێنراوە و هەندێکی بە ئاسنەکەیەوە بردراوە و بەشێکی دیار نییە و بەشێکی دیکەش ئاسەواری نییە، هەموو ئەمانە نیشانەی ئەوەیە کە ئەو لایەنانەی ئەو کارە دەکەن نیشانەی دۆڕاندنیانە و هیچیان پێ نەماوە و تەنیا ئەم کارە ناشرینە دەکەن."
لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن لە کەرکووک، هەڵمەتێکی فراوانی دڕاندن و سووتاندنی پۆستەری بەربژێران دەستپێکردووە، بەجۆرێک فریای چاککردن و گۆڕینی پۆستەرەکان ناکەون و یەکدی بە دڕاندنی پۆستەرەکان تۆمەتبار دەکەن.
سەمیرە ئەحمەد بەربژێری هاوپەیمانی کەرکووک ئیرادەمانە دەڵێت، "هەندێکی خەڵکی ئاساییە ئەو کارە دەکەن بەڵام کەسانێک هەیە لە ململانێی سیاسی ئەو کارە دەکەن ، هەندێک کەسیش هەیە ترسی لە دەنگەکانی خۆی هەیە و پێی وایە بەم کارە دەتوانێت کاریگەری لەسەر دەنگەکانی بەربژێری بەرامبەر بکات ، هۆکارەکان زۆرن و ناتوانین لە یەک هۆکاردا کۆی بکەینەوە."
تائێستا 56 سکاڵا لەسەر دڕاندنی پۆستەرەکان، لە نووسینگەی کەرکووک لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان تۆمارکراوە و تادێت سەرپێچییەکان زیاتر دەبێت و ململانێکە توندتر دەبێت.
عەلی عەباس بەرپرسی راگەیاندنی لقی کەرکووکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان باس لەوەدەکات، "بەداخەوە زۆربەیان سەرپێچی بنەماکانیان کردووە و لە نێو سەرپێچییەکان، دڕاندنی وێنە و پۆستەر هەیە، ژمارەیەک سکاڵامان لە نوێنەرانی حیزبەکانەوە پێگەیشتووە لەسەر دڕاندنی پۆستەرەکانیان و نازانن کێ لە پشت دڕاندنی پۆستەرەکانیانەوەیە."
هێزە ئەمنییەکان لە ماوەی یەک هەفتەدا، چوار کەسیان بە تۆمەتی دڕاندن و بردنی پۆستەری بەربژێرەکان دەستگیرکردووە و بەبێ ئاشکرا کردنی لایەنی پاڵپشت رەوانەی دادگە کراون.