کچە ئەندازیارێک لە مهاباد بە گڵێنەکاری بژێویی ژیانی دابین دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کچە هونەرمەندێکی شاری مهاباد لەگەڵ ژمارەیەک کەسی دیکە لە کارگەیەک گڵێنەکاری دەکەن و قاپ و گوڵدان و شتی جیاواز دروست دەکەن. ئەسرا خوێندنی لە کولێژی تەلارسازی تەواو کردووە، بەڵام 5 ساڵە گڵێنەکاری دەکات.
ئەسرا خۆی کاری لە کورە نان و لوعاب لێدان بۆ ئەو بابەتانە دەکات کە لە گڵ دروستی دەکات، ئەو جگە لەوەی خۆی گڵێنەکاری دەکات، دوو ساڵە کارەکە فێری فێرخوازەکانیشی دەکات.
فێربوونی گڵێنەکاری نەک هەر یارمەتیدەرە بۆ خوڵقاندنی کارێکی هونەری، بەڵکو دەتوانێت رێگەیەکی زۆر باش بێت بۆ ئارامگرتن و دوورکەوتنەوە لە گوشاری دەروونی، جگە لەوەش گڵێنەکاری دەتوانێت هەستێکی بەدەستهێنان و رەزامەندیت پێببەخشێت لە دروستکردنی شتێک بە دەستی خۆت.
گڵێنەکاری بریتییە لە پرۆسەی شێوەدان بە گڵ بۆ شتی جۆراوجۆر. ئەم هونەرە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆن و لە هەموو جیهاندا وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی بەرهەمی هونەری و پێداویستی ژیان بەکارهێنراوە.