کورد لە کەرکووک؛ سەرکەوتن لە ژمارە و دۆڕان لە کورسی دا
رووداو دیجیتاڵ
کورد دوای ئاشکراکردنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن لە دۆخی خۆیان لە کەرکووک دڵگرانن، هەرچەندە دەنگەکانیان بە گشتی زیادیان کردووە، بەڵام بەراورد بە هەڵبژاردنی 2021 کورد کورسییەکی دیکەی کەم کردووە.
هاونیشتمانییان و بەرپرسانی کورد پێیانوایە ئەمە نیشانەی "کێشەیەکی سیاسیی قووڵە و پێویستە بە وردیی هەڵسەنگاندن"ـی بۆ بکرێت.
لە هەڵبژاردنی پێشوودا، کورد 6 کورسی لە کەرکووک بەدەستهێنابوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی کورسییەکانیان بۆ پێنج کورسی دابەزیوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەنگەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو زیادیان کردووە.
ژمارەی دەنگەکان بەمجۆرەن:
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 178 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، بە زیادبوونی 89 هەزار دەنگ بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو.
پارتی دیموکراتی کوردستان: دەنگەکانی لە 52 هەزارەوە بۆ 59 هەزار بەرزکردووەتەوە، بەڵام بە جیاوازیی کەمتر لە پێنج هەزار دەنگ، کورسیی دووەمی لەدەستدا.
عەرەب: لە هەڵبژاردنی 2021دا 166 هەزار دەنگیان هەبوو، لەم هەڵبژاردنەدا بۆ 235 هەزار دەنگ بەرزبووەتەوە، واتە 69 هەزار دەنگیان زیادیکردووە.
تورکمان: لە هەڵبژاردنی 2021دا 71 هەزار دەنگیان هەبوو، لەم هەڵبژاردنەدا بۆ 97 هەزار دەنگ بەرزبووەتەوە، واتە 26 هەزار دەنگیان زیادیکردووە.
سلێمان محەممەد، هاونیشتمانییەک لە کەرکووک دەڵێت: "میللەتی کورد هەمووی بێتاقەتە، چونکە پێنج کورسی زۆر زۆر کەمە، ئێمە بەنیازی حەوت کورسی بووین و نازانین بۆ وای لێهات."
ئاکۆ میرزا، هاونیشتمانییەکی دیکە، پرسیاری ئەوە دەکات کە چۆن دەنگەکانی حەویجە دراون و کێ سوودی لێ بینیوە. "واتا کورد فرۆشرا و دۆڕایین، حەوت کورسیمان هەبوو ئێستا پێنج کورسیمان هەیە."
محەممەد دۆیز هۆکاری کەمبوونەوەی کورسییەکانی کورد بۆ نەبوونی یەک لیستی و سووتانی ژمارەیەکی زۆری دەنگەکان دەگەڕێنێتەوە. "خەڵک خەریکە متمانەی نامێنێت."
شێرزاد سەمەد، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی مەڵبەندی دووی یەکێتی، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر پارتی چەند هەزار دەنگێکی دیکەی هەبوایە، کورسییەکانی کورد دەبوونە شەش کورسی. هاوکات گومانی لە هەڵکشانی دەنگی عەرەب، بە تایبەتی لیستی تەقەدووم، هەیە و پێی وایە "چەند هەزار دەنگێکی راستەقینە نین."
شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرلیستی پارتی لە کەرکووک، دان بەوەدا دەنێت کە دەنگەکانیان زیادیکردووە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی مسۆگەرکردنی کورسیی دووەم. ئەو "نەگەڕانەوەی نزیکەی 15 بۆ 20 هەزار دەنگدەری کوردی کەرکووک و نەبوونی پلانێکی باش وەک هۆکاری لەدەستدانی کورسییەک بۆ پارتی دەبینێت."
لە کۆتایی دا، ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە لە کەرکووک پرسیاری جیدی لەسەر ستراتیژی و یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکان دروست دەکات، بەتایبەتی لە سایەی زیادبوونی دەنگ و کورسیی نەتەوەکانی دیکەدا.