رۆژئاوای کوردستان: گفتوگۆی نیشتمانیی تاکە رێگەیە بۆ سەقامگیری

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیدا لە قامشلۆ، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) جەختیان لەوە کردەوە کە "گفتوگۆی نیشتمانیی تاکە رێگەی سەرکەوتووە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری" و رایانگەیاند، پابەندی ئەو رێگایەن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 13ی تشرینی دووەمی 2025، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە راگەیێندراوێکدا گوتی، کۆبوونەوەیەک لەنێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە؛ رۆهەڵات عەفرین، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هەسەدە؛ فەرماندە و نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتی و ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) بەڕێوەچووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خراوەتە سەر دانوستاندنەکان لەگەڵ دیمەشق و میکانیزمەکانی برەودان بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی مانگی ئاداری نێوان هەسەدە و دیمەشق، کە بە "هەنگاوێکی ستراتیجی بۆ چەسپاندنی سەقامگیری" دادەنرێ. ئامادەبووان هەنگاوەکانیان لەو بوارەدا خستنەڕوو و "جەختیان لە بەردەوامبوون لەسەر رێڕەوی سازان کردەوە". 
 
راگەیێندراوەکە باس لەوە دەکات، بەرپرسانی هەسەدە، مەسەدە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دووپاتیان کردەوە کە بەردەوام دەبن لە "هاندان"ی دیمەشق بۆ گرتنەبەری رێگەی گفتوگۆ وەک "بژاردەیەکی نیشتمانی بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئامادەبووان پابەندبوونی خۆیان بە گفتوگۆی نیشتمانی وەک سەرکەوتووترین رێگە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە خاکی سووریا دووپاتکردەوە."
 
یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، پێشوازیکردن بوو لە ئەنجامەکانی کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی واشنتن لەنێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا. 

 

 
لایەنەکان هەڵپەساردنی سزاکان و کردنەوەی کەناڵەکانی هاوئاهەنگیی دیپلۆماسییان بە "گۆڕانکارییەکی ئەرێنی بەرەو پشتگیریکردنی چارەسەری سیاسیی گشتگیر بە بەشداریی هەموو سووریاییەکان" هەژمار کرد.
 
هەروەها، لە کۆبوونەوەکەدا بە "گرنگییەوە" باس لە ئەندامبوونی سووریا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کرا و جەخت لەوە کرایەوە کە هەسەدە لە ماوەی دەیەی رابردوودا "پایەی سەرەکیی ئەو هاوپەیمانییە بووە و لەسەر ئەو رێچکەیەش بەردەوام دەبێت".