شارەوانیی سلێمانی: 49٪ی کارەکانی شەقامی 100 مەتری تەواوبوون
رووداو - رادیۆ
گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، ئێستا سێ بەرزەپرد لە شاری سلێمانی لە قۆناخی جێبەجێکردندان و بە تەواوبوونی ئەو سێ بەرزەپردە، بەشێکی زۆری ئەو قەرەباڵخییەی لە شەقامەکانی نێو شاری سلێمانیدا هەیە کەمدەبێتەوە. دەشڵێت: کارکردن لە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بەردەوامە و تائێستا نزیکەی 49٪ی کارەکانی تەواوبووە.
رۆژی سێشەممە 13-12-2022، زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی گوت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قەرەباڵخی لە شەقامەکانی سلێمانیدا ئێستا سێ بەرزەپرد لە قۆناخی جێبەجێکردندان و بە تەواوکردنی ئەو پرۆژانەش، بەشێکی زۆری قەرەباڵخی لە شەقامەکاندا کەمدەبێتەوە.
گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی گوتیشی، ئەو سێ بەرزە پردەی دروستدەکرێن بریتین لە: بەرزەپردی باخی بەختیاری، بەرزەپردی ئارام و بەرزەپردی فارووق کە بۆ تەواوکردنیان ماوەی ساڵێک کاتیان بۆ دیاریکراوە.
لەبارەی کارکردن لە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی، زەردەشت رەفیق ئاماژەی بەوەکرد کە کارکردن لە شەقامی 100 مەتری بەردەوامە و ئێستا نزیکەی 49٪ی کارەکانی تەواوبووە.
بە گوتەی سەردەشت رەفیق لە 1ی مانگی 5ـەوە تاوەکو 1ی مانگی 12ی ئەمساڵ، شارەوانیی سلێمانی بەردەوامبووە لە چاککردنی شەقامەکان، "ئەمساڵ باشترین ساڵبووە لە چاککردن و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکانی نێو شاری سلێمانی."
ئۆتۆبانی بابان، یان شەقامی 100 مەتریی سلێمانی لە 11-7-2020 بەردی بناخەی دانرا، بەچەند قوناخێك جێبەجێ دەكرێت، گوژمەی پرۆژەکە 400 ملیار دینارە و بڕیارە لەماوەی 1100 رۆژ تەواوبكرێت کە 30-8-2023یە، كۆمپانیای قەیوان جێبەجێكاری سەرەكی پرۆژەكەیە بەسەرپەرشتی سەرۆكایەتی شارەوانیی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان دیکە وەك بەڕێوەبەرایەتیی ئاو، كارەبا و بەڕێوەبەرایەتیی ھاتووچۆی سلێمانی.