سەرۆککۆماری عێراق: دەبێت پەلەبکرێت لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری عێراق و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دانوستاندنەکانی ئەم دواییانەی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن. سەرۆککۆمار داوا دەکات پەلە بکرێت لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان.
نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق رۆژی سێشەممە 13-12-2022، پێشوازی لە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە لە ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون. لە دیدارەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی دوایین پەرەسەندنەکانی دۆخی سیاسیی وڵات و پێشهاتەکانی دانوستاندنەکانی ئەم دواییانەی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسە هەڵپەسێردراوەکان.
سەرۆککۆمار دووپاتیکردەوە، "پێویستە پشت بە دیالۆگ ببەسترێت، پەلە بکرێت لە دۆزینەوەی چارەسەر، ئەمەش بەپێی دەستوور و یاسا، بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن کە گەرەنتی خزمەتی هەموو عێراقییەکان بکات."
رۆژی سێشەممە 13-12-2022، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی عێراق رەزامەندیی داوە بە ناردنی بڕی 400 ملیار دینار وەکو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ هەریەکە لە مانگەکانی 11 و 12ی ساڵی 2022.
وەک فارس عیسا گوتی: "ئەوە رێککەوتنی سەرەتاییە و دواتر دەست بە گفتوگۆ دەکرێت."
رۆژی دووشەممە 12-12-2022 شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو رۆژە لە بەغدان. گفتوگۆ و کۆبوونەوەی دوور و درێژیان لەگەڵ لایەنی عێراقی هەبووە. لە گفتوگۆکانیاندا پێشکەوتن بەدیهاتووە."
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: "ئەم کۆبوونەوانە درێژکراوەی کۆبوونەوەکانی هەفتەی رابردوون. بنەمایەک هەیە و وەرەقەی دانوستاندنە کە وەرەقەیەکی سیاسییە کە ئەو فراکسیۆنانەی حکومەتیان پێکهێناوە لەسەری رێککەوتوون کە بەرنامەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە. ئەمە بنەمای سەرەکی گفتوگۆی نێوان هەردوولایە. پێشکەوتن هەیە، بەڵام چاوەڕێی هەردوولا دەکەین تاوەکو دەگەنە قۆناخی کۆتایی."
سەبارەت بە بودجە، شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی، "هەرکاتێک رێککەوتن لەبارەی بودجە هەبێت، ئەوا ئێمە وەک پەرلەمان پشتیوانی ئەو رێککەوتنە دەکەین."
پێشتر نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر بودجە و کۆی پرسەکانی دیکە لە کارنامەکەی سوودانیدا هاتووە و رێککەوتنی لەسەر کراوە، بەتایبەت بڕگەکانی 20 و 23ی کارنامەکە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، هیوایەکی زۆر هەیە بۆ رێککەوتنی تەواوەتی، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە پابەندیی هەولێر و بەغدایە لەسەر ئەو رێککەوتنە "ئێستا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانە و حکومەتەکەی دەستبەکاربووە، بۆیە هەموو دەسەڵاتێکی بۆ رێککەوتن هەیە."
نەرمین مەعرووف کە ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە گوتی، "وەکو سەرەتایی رێککەوتنێکی باشە، بەڵام دەبێ رێککەوتنی ماوەدرێژ هەبێت، ئێمە نامانەوێت رێککەوتنەکە کاتی بێت، ئەم رێککەوتنە لە سەردەمی کازمیش هەبوو، بەڵام لە ساڵێکدا تەنیا دوو مانگ پارەکەیان نارد."
رۆژی 8-11-2022، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، پێویستە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن. ئاماژەی بەوەش کرد، خواستێکی جیدی لەلایەن هەردوولا و هێزە سیاسییەکانی وڵاتەوە هەیە بۆ نەهێشتنی ئەو کێشانە و رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی هەردوولا لەسەر بنچینەی دەستوور.
لەبارەی ئەوەی کە پەیوەندیی بە کێشەی نەوت و گازەوە هەیە، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، ئەو کێشەیە دەکرێت لە رێگەی دەرکردنی یاسای نەوت و گازەوە لە پەرلەمانی عێراق چارەسەر بکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆ دەستیپێکردووە تاوەکو پڕۆژەیاساکە ئامادە بکرێت.
پەیوەندیدار بە بابەتی بودجە، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی لەسەرە و مافیشی هەیە و راشیگەیاند: "پێویستە بەپێی یاسا و دەستوور ئەم بابەتە جێبەجێ بکرێت تاوەکو بەغدا بتوانێت پابەندی بەڵێنە داراییەکانی بێت، ئینجا لە یاسای بودجە یان لە شایستەکانی دیکەدا."