لە یەک مانگدا 195 منداڵی ناکام لە سلێمانی لەدایکبوون
رووداو دیجیتاڵ
تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، مانگی رابردوو 907 منداڵ لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی لەدایکبوون و لەو ژمارەیەش 195 منداڵیان ناکام بوون. پزیشکێکی پسپۆڕی منداڵان دەڵێت، بۆ کەمکردنەوەی لەدایکبوونی منداڵی ناکام باشترین رێگە ئارامکردنەوەی دەروونی دایکانە.
بەگوێرەی ئاماری تەندروستیی سلێمانی، مانگی رابردوو لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی فریاكەوتنی فێركاریی سلێمانی 195 منداڵی ناکام لەدایکبوون؛ هەروەها 108 لەبارچوونی منداڵ تۆماركراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 13-12-2023، دکتۆر محەممەد حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لە شاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەر منداڵێک پێش 37 هەفتە لەدایک بێت ناکامە؛ تاوەکو زووتربێت خراپتر دەبێت و ئەگەر لە 28 هەفتەدا لەدایک بێت زۆر خراپتر دەبێت و ئەگەری مردنی زیاترە.
لەبارەی هۆکارەکانی لەدایکبوونی منداڵی ناکامەوە دکتۆر محەممەد دەڵێت، هۆکار زۆرن، لەوانە؛ کێشانی جگەرە و بەکارهێنانی مادەی بێهۆشکەر و سڕکەر لە لایەن دایکەکەوە؛ هەوکردن لە دایکدا؛ لەبارچوونی پێشتر؛ دانانی منداڵی بلووری؛ رووداوی شۆکهێنەر؛ نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شەکرە و پەستانی خوێن؛ دایک سکەکەی دووانە یان زیاتر بێت؛ ماوەی نێوان دووگیانی کەم بێت؛ کێشە لە منداڵدان و ناوکەپەتکی دایکدا هەبێت؛ هاوکارنەبوونی خێزان و هاوژین بۆ دایکەکە؛ کێشی زۆر و لاوازی دایکەکە.
هەر لە سەرەتای لەدایکبوونەوە جیاوازی زۆر لەنێوان منداڵی ناکام و ئەو منداڵانەدا دەردەکەوێت کە بەشێوەی سرووشتی و دوای تەواوکردنی 37 هەفتە لە دایک دەبن. ئەو پزیشکە پسپۆڕەی منداڵان دەڵێت، "منداڵی ناکام کێشی زۆر کەمە و لە یەک کیلۆوە دەستپێدەکات و هەیانە دەگاتە دوو کیلۆ؛ هەروەها هەناسەدانیان ئاسایی نییە و کێشە لە گورچیلەیشیان دروست دەبێت؛ ماسوولکەیان لاوازە و کێشە بۆ دەمار و مێشکیشیان دروست دەبێت."
دکتۆر محەممەد حەسەن ئاماژەی بەوەکرد، تەنیا چارەسەر بۆ منداڵی بە ناکام لەدایکبوو مانەوەیەتی لە هۆڵی تایبەتی نەخۆشخانەدا بۆماوەی هەفتەیەک بۆ مانگێک لەژێر چاودێریی پزیشکدا.
دکتۆر محەممەد باشترین چارەسەر بۆ کەمکردنەوەی لەدایکبوونی منداڵی ناکام دەخاتەڕوو و باس لەوە دەکات، نابێت گوشاری دەروونی بخرێتە سەر دایک؛ دەبێت لانیکەم دوای دوو ساڵ لە دووگیانبوون، منداڵێکی دیکەی ببێت و لەژێر چاودێریی پزیشکدا کێشە تەندروستییەکانی دایکەکە کۆنترۆڵبکرێن.
بەگوێرەی ئامارەکەی تەندروستیی سلێمانی، مانگی رابردوو لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی فێرکاریی سلێمانی دوو هەزار و 254 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە، لەو ژمارەیە هەزار و 486 نەخۆش هێڵدراونەتەوە و چارەسەریان بۆ کراوە.
تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە، لەو 907 منداڵەی لەدایکبوون 421 منداڵیان كوڕ بوون و 486 منداڵ كچ؛ لەو ژمارەیە 505 منداڵیان بەشێوەی سرووشتی لەدایكبوون و 402 منداڵەکەی دیکەش بە نەشتەرگەری لەدایكبوون.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، ساڵی رابردوو زیاتر لە سێ هەزار منداڵی ناکام لە هەرێمی کوردستان لەدایکبوون. لەو ژمارەیە زیاتر لە هەزار و 900 منداڵیان لە هەولێر، زیاتر لە 900 منداڵ لە سلێمانی، لە دهۆک زیاتر لە 200 منداڵی ناکام لە دایکبوون، بەڵام بەهۆی درەنگ کردنەوەی هۆڵی تایبەت بە چاودێری و لەدایکبوونی منداڵی ناکام لە مانگی ئەیلوولدا لە هەڵەبجە، دیار نەبوو لەو سنوورە چەند منداڵی ناکام لە دایکببوون.