رێکخراوێک چالاکترین پەرلەمانتارانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دیاری دەکات
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان بە هاوکاری رێکخراوی (NED)ـی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا "چالاکترین" پەرلەمانتاری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی دیاریکردووە. بڕیار رەشید لە فراکسیۆنی یەکێتی پلەی یەکەمی گرتووە و دوایین پەرلەمانتاریش بەدریە حوسێنە لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئارام کەمال، بەڕێوەبەری پڕۆژە لە رێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو پەرلەمانتارانەیان دیاریکردوون کە زۆرترین چالاکییان هەبووە. هەروەها، چالاکی حیزبی و کۆمەڵایەتییان بۆ ریزبەندییەکە هەژمار نەکردووە و تەنیا ئەو چالاکییانانەیان تۆمار کردوون کە پەیوەستبوون بە کاری پەرلەمانتارییەوە.
راپۆرتەکەی ئەو رێکخراوە 400 لاپەڕەیە و تەنیا پەرلەمانتاری چالاکیان دیاری نەکردووە، بەڵکو رەخنەیان لە پەرلەمانتارانیش گرتووە. بۆ نموونە، "درووشم و بەڵێنەکانی هەڵبژاردنیان خستوونەتەڕوو کە پەرلەمانتاران لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە خەڵکیان داون و جێبەجێیان نەکردوون."
بڕیار رەشید کە لە راپۆرتی رێکخراوەکەدا وەکو چالاکترین پەرلەمانتار دیاریکراوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی بەدواداچوونم، لە راپۆرتەکەدا وەکو چالاکترین دیاریکراوم؛ رێکخراوەکەش سەرنجی لەسەر ئەو کارانەی پەرلەمانتاران بووە کە ئەنجامێکیان هەبووە."
بڕیار رەشید لەبارەی کارەکانیشییەوە گوتی، لە بواری تەندروستیدا کاری بۆ توێژە جیاکان کردووە، ساڵی رابردوو بە هەوڵی ئەو 50 ملیۆن لیتر نەوت لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان نێردرا و ئەم ساڵیش بڕیاری ناردنی نەوت دراوە.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی گوتیشی، "توانیم هۆکار بم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گرێبەستی کارمەندانی کۆمیسیۆن؛ هەروەها کارم کرد بۆ گەڕانەوەی پارەی کەڵەکەبووی چەند ساڵەی گەنمی جووتیاران؛ کێشەی کەموکورتی بەشەخۆراکمان گەیاندە بەغدا و رێگەمان نەدا ستەم لە هاونیشتمانیان بەردەوام بێ؛ لە نووسینگەی سلێمانیش زۆرترین هاونیشتمانیم بینیوە و دۆسێیەی کەسی و تایبەتیانم چارەسەر کردووە و بەدواداچوونم بۆ کردوون."
رێکخراوەکە دەڵێت، "ئێمە کۆی چالاکییە بڵاوکراوەکانی پەرلەمانتاران لە سۆشیاڵ میدیا و کەناڵەکان کۆدەکەینەوە و دواتر دەینێرینەوە بۆ پەرلەمانتارەکان، ئەوانیش هەندێکیان دەڵێن چالاکی زیاترمان هەبووە و بۆی زیاد دەکەن، هەندێکیشیان دەڵێن تەواوە و پەسندی دەکەن، لە کۆی فراکسیۆنەکان پەرلەمانتارەکانیان ئاگادار کراونەتەوە و زۆرینەیان پەسندیان کردووە."
هەروەها موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ریزبەندییەک ناکرێت بڵێین بەشێوەی رەها وایە؛ چونکە ئەو چالاکییانە تۆمارکراوە کە لە پەیجەکان بڵاومان کردووەتەوە، یان کردوومانە بە راپۆرت و گەیشتووە بە رێکخراوەکە؛ رێکخراوەکە لە پەرلەمانیش سوودی وەرگرتووە."
ئەو پەرلەمانتارەی یەکگرتوو لە لیستەکەدا وەکو دووەم چالاکترین دیاری کراوە و خۆی دەڵێت، لە ئاستی هەڵەبجە چالاکترین بووە. ئاماژەی بەوەشکرد، "من یان پەرلەمانتاری دیکە هەن رۆژانە دەیان بەدواداچوون بە تەلەفۆن دەکەین و ناکرێت هەمووی بڵاو بکەینەوە و تۆمار بکرێت، بەڵام بێگومان پەرلەمانتاریش هەیە لاوازە و چالاکیی کەمە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ کە بە گوێرەی ریزبەندییەکە چالاکییان کەم بووە، لە رێوەڕەسمی رێکخراوەکەدا هیچیان ئامادە نەبوون
ریزبەندیی کار و چالاکیی پەرلەمانتاران بەپێی رێکخراوەکە:
- یەکەم، بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی 152 نووسراو، بەداوداچوون لە عێراق و کوردستان، بەشداربوونی لە گفتوگۆکانی پەرلەمانی عێراقدا کردووە.
- دووەم، موسەننا ئەمین، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و 132 نووسراو، بەداوداچوون لە عێراق و کوردستان، بەشداربوونی لە گفتوگۆکانی پەرلەمانی عێراقدا کردووە.
- سێیەم، سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بووە، کە 122 نووسراو، بەداوداچوون لە عێراق و کوردستان، بەشداربوونی لە گفتوگۆکانی پەرلەمانی عێراقدا کردووە.
- چوارەم، نەرمین مەعرووف لە فراکسیۆنی یەکێتی، کە 89 نووسراو، بەداوداچوون لە عێراق و کوردستان، بەشداربوونی لە گفتوگۆکانی پەرلەمانی عێراقدا کردووە.
- پێنجەم، ئاسۆ فەرەیدوون لە فراکسیۆنی یەکێتی، کە 87 نووسراو، بەداوداچوون لە عێراق و کوردستان، بەشداربوونی لە گفتوگۆکانی پەرلەمانی عێراقدا کردووە.
- شەشەم، کاروان یاروەیس لە فراکسیۆنی یەکێتی، کە 82 نووسراو، بەداوداچوون لە عێراق و کوردستان، بەشداربوونی لە گفتوگۆکانی پەرلەمانی عێراقدا کردووە.
- حەوتەم، غەریب ئەحمەد لە فراکسیۆنی یەکێتی، کە 80 نووسراو، بەداوداچوون لە عێراق و کوردستان، بەشداربوونی لە گفتوگۆکانی پەرلەمانی عێراقدا کردووە.
- هەشتەم، چرۆ حەمەشەریف لە فراکسیۆنی یەکێتی و 73 نووسراو، بەداوداچوون لە عێراق و کوردستان، بەشداربوونی لە گفتوگۆکانی پەرلەمانی عێراقدا کردووە.
- نۆیەم، رێبوار ئەوڕەحمان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، کە 72 نووسراو، بەداوداچوون لە عێراق و کوردستان، بەشداربوونی لە گفتوگۆکانی پەرلەمانی
عێراق کردووە.
- 10: سروە محەممەد لە فراکسیۆنی یەکێتی کە 71 نووسراو، بەداوداچوون لە عێراق و کوردستان، بەشداربوونی لە گفتوگۆکانی پەرلەمانی عێراقدا کردووە.
- 11: دارا سێکانیانی لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کە 70 نووسراو، بەداوداچوون لە عێراق و کوردستان، بەشداربوونی لە گفتوگۆکانی پەرلەمانی عێراقدا کردووە.
- 12: بەدریە حوسێن لە فراکسیۆنی یەکێتی، کە 65 نووسراو، بەداوداچوون لە عێراق و کوردستان، بەشداربوونی لە گفتوگۆکانی پەرلەمانی عێراقدا کردووە.
- 13: یادگار مەحموود لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کە 53 نووسراو، بەداوداچوون لە عێراق و کوردستان، بەشداربوونی لە گفتوگۆکانی پەرلەمانی عێراق کردووە.
- 14: شوان محەممەد لە فراکسیۆنی پارتی، کە 39 نووسراو، بەداوداچوون لە عێراق و کوردستان، بەشداربوونی لە گفتوگۆکانی پەرلەمانی عێراقدا کردووە.
- 15: سروە عەبدولواحید لە نەوەی نوێ کە 29 نووسراو، بەداوداچوون لە عێراق و کوردستان، بەشداربوونی لە گفتوگۆکانی پەرلەمانی عێراقدا کردووە.
- 16: مۆفەق حوسێن قادر لە نەوەی نوێ، کە 29 نووسراو، بەداوداچوون لە عێراق و کوردستان، بەشداربوونی لە گفتوگۆکانی پەرلەمانی عێراقدا کردووە.
- 17: ئاریان عەزیز ئەحمەد لە نەوەی نوێ، کە 28 نووسراو، بەداوداچوون لە عێراق و کوردستان، بەشداربوونی لە گفتوگۆکانی پەرلەمانی عێراق کردووە.
دوایین پلەی ریزبەندییەکەش بەدریە ئیبراهیم رەشیدە لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، کە 20 نووسراو، بەداوداچوون لە عێراق و کوردستانی کردووە و هیچ بەشداربوونێکی لە گفتوگۆکانی پەرلەماندا نەبووە.
راپۆرتەکە لەلایەن رێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان بە هاوکاری رێکخراوی (NED)ـی ئەمریکی ئامادە کراوە و نۆیەم راپۆرتی رێکخراوەکەیە. لەو راپۆرتەدا باس لە چالاکیی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش کراوە تاوەکو کارکردنیان پێش بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی.