یەکێک لەو ئاسایشانەی لە چەمچەماڵ بریندار بوو گیانی لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەو ئاسایشەی لە ئاڵۆزییەکەی دوێنێدا بەهۆی بەرکەوتنی گولـلەوە بە سەختی بریندار بوو، ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
 
ئەمڕۆ شەممە سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کەمێک لەمەوبەر کارمەندی ئاسایش ئاکۆ سابیر حەمەڕەزا، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا".
 
شایەتحاڵێکیش بە رووداوی گوت: "ئاکۆ سابیر گیانی لەدەستداوە و بریندارەکەی دیکەی ئاسایش تەندروستی جێگیرە".
 
هەر ئەمڕۆ قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ لە راگەیێندراوێکدا گیانلەدەستدانی کارمەندەکەی ئاسایشی راگەیاند و سەرەخۆشی لە کەسوکارەکەی کرد.
 
دوێنێ لە چەمچەماڵ لەکاتی دابەشکردنی پێداویستییەکاندا شەڕ و ئاژاوە روویدا و بەهۆیەوە دوو ئاسایش بریندار بوون.
 
عەتا محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی خزمەتگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "کەسێک ویستوویەتی کێشە دروست بکات و سەڕەبڕی بکات و پەلاماری کارمەندێکی ئاسایشی دا و دواتر دوورخرایەوە لە شوێنەکە، بەڵام کەسێکی نزیکی بە چەکەوە هات و لەو قەرەباڵخییەدا تەقەی لە ئاسایشەکان کرد کە بەهۆیەوە سێ کارمەندی ئاسایش برینداربوون کە برینی یەکێکیان سەختە".
 
عەتا محەممەد تۆمەتباری رووداوەکەی بە "پێشمەرگەی عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک" ناساند و بە پیلانگێڕی پێناسەی کرد.
 
عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک لە راگەیێندراوێکدا رەتی کردەوە "پیلانگێڕی" یان "کێشەی کۆمەڵایەتی" بووبێت و رایگەیاند: "هیوادارم مەبەست لەو قسانە تۆمەت دروستکردن و ناوزڕاندن نەبووبێ، چونکە راستی بابەتەکە ئەوەیە کێشەکە بەهۆی پەیوەستنەبوونی ئەو پێشمەرگانە بووە بەو رێکار و سەرەگرتنەی ئاسایشەکان پەیڕەویان کردووە بۆ دابەشکردنی هاوکارییەکان".
 
عەبدوڵڵای کوێخا گوتی: "ئەو دوو پێشمەرگەیە لەگەڵ دایک و خێزانیان چوون بۆ هاوکاری وەرگرتن و هیچ ناکۆکییەکی کۆنیان لەگەڵ کارمەندەکانی ئاسایش نەبووە."