بەڕێوەبەری کۆمپانیای قەیوان ملیارێک دیناری بەخشییە لێقەوماوانی چەمچەماڵ

رووداو دیجیتاڵ

هاوکارییەکان بۆ لێقەوماوانی قەزای چەمچەماڵ فراوانتر دەبێ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای قەیوان یەک ملیار دیناری بەخشییە کەمپیەنێکی هاوکارییەکان. سەرۆکی رێکخراوی بەختەوەریش دەڵێت، زیاتر لە 100 ملیۆن دینار و چوار بارهەڵگر پێداویستی لە چەمچەماڵ دابەش دەکەن.
 
دلێر کەمال، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمپانیای قەیوان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شێخ فاخیر شێخ تەیب، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکەمان یەک ملیار دیناری بەخشییە لێقەوماوانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و دەوروبەری".
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمپانیای قەیوان گوتی، پارەکە لە رێگەی ئەو کەمپەینەوە دابەش دەکەن، کە لەلایەن نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێکهێندراوە.
 
دلێر کەمال گوتی: "هەر دوای لافاوەکە، کۆمپانیاکەمان بە تیمێک و 30 ئامێری گەورەی جۆراوجۆرەوە گەیشتنە چەمچەماڵ و هاوکارییان کرد بۆ خاوێنکردنەوەی شارەکە".
 
هەر ئەمڕۆ حاجی کاروان، کەسایەتی ناسراوی ئیسلامیی و سەرۆکی رێکخراوی بەختەوەری، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە هەموو نووسینگەکانمان سەرقاڵی کۆکردنەوەی هاوکاری خێرخوازانین بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و هاوکارییەکی زۆرمان کۆکردووەتەوە".
 
حاجی کاروان گوتی: "ئێستا لە سلێمانی چوار بارهەڵگر شتومەکمان ئامادەیە. هەروەها زیاتر لە 5 هەزار بەتانی و دۆشەک و پێداویستی دیکەمان ئامادەیە و دابەشی دەکەین؛ 600 سەبەتە خۆراکیشمان بەسەر ماڵاندا دابەش کردووە".
 
سەرۆکی رێکخراوی بەختەوەری ئاماژەی بەوە کرد، دوێنێ و رۆژانی پێشتر هەر رۆژە و دوو ژەمەخۆراکی گەرمیان بۆ "سەتان" خێزان لە چەمچەماڵ دابینکردووە. گوتیشی: "نزیکەی 150 زۆپامان ئامادەیە بۆ دابەشکردن و زیاتر لە 100 ملیۆن دیناریشمان کۆکردووەتەوە و دابەشی دەکەین".
 
سەرۆکی رێکخراوی بەختەوەری گوتی: "لە ئەمڕۆوە دابەشکردنی نەوت دەستپێدەکەین و هەر ماڵێک و 50 لیتریان پێدەدەین، ئەوەش وەکو پێویستییەکی بەپەلە لەم کەشە ساردەدا".
 
سێشەممە 09ـی ئەم مانگە، بەهۆی بارانی بەلێزمەوە لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی دەوروبەری لە پارێزگای سلێمانی لافاو دروستبوو، بەهۆیەوە زیانی گیانی و مادی لێکەوتەوە و زیانی زۆریش بەر ژێرخانی ناوچەکە کەوت.