ئەو ژنە لەسێدارە درا کە زڕکچە 4 ساڵانەکەی لە ورمێ کوشت

 
رووداو دیجیتاڵ

ژنێک لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ورمێ بە تاوانی کوشتنی بەئەنقەستی زڕکچەکەی لەسێدارە درا.
 
بەیانی رۆژی شەممە 13-12-2025 لە گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ ژنێک بە ناوی سدیقە قوربانی لەسێدارەدرا. ئەو ژنە بە تاوانی لێدان و ئازاردانی زڕکچە چوار ساڵانەکەی کە ببووە هۆی گیانلەدەستدانی، بە لەسێدارەدان سزا درابوو.
 
ناسر عەتەباتی، بەڕێوەبەری دادی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، سزای لەسێدارەدانی ئەو ژنە لە دادگەی پێداچوونەوە و دیوانی باڵای دادوەریی ئێرانیش پەسندکرابوو، بۆیە بەیانیی شەممە جێبەجێ کرا.
 
ناسر عەتەباتی گوتی، کوشتنی ئەو کچە چوار ساڵانە دەنگدانەوەی زۆری لەنێو خەڵکدا هەبوو و توڕەیی و دڵگرانیی خەڵکی لێکەوتبووەوە و داوای سزادانی خێرای تاوانبارەکەیان دەکرد.
 
ئاوا قارەمانی لە 24-12-2023 دوای نزیکەی دوو هەفتە مانەوە لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەیەکی ورمێ بەهۆی سەختی برینەکانی گیانی لەدەستدا و 2 رۆژ دواتر تەرمەکەی لە گۆڕستانی گوندی کەوچرین لە ناوچەی کۆتولی خۆی بەخاک سپێردرا.
 
دوای گیانلەدەستدانی ئاوا قارەمانی، پۆلیسی ورمێ زڕدایکیان دەستبەسەرکرد و لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بەوەدانا لەو کچە چوار ساڵانەیەی داوە، کاتێک باوکیان لە ماڵەوە نەبووە و ئازاری زۆری داون. 
 
کەسوکاری ئاوا قارەمانی لە کاتی بەڕێوەچوونی رەوتی دادگە بە میدیاکانیان راگەیاند، دادپزیشکیی ورمێ پشتڕاستیکردووەتەوە، بە ئامانجی کوشتن لەو کچەی داوە.