کۆمیسیۆنی بووژاندنەوەی چەمچەماڵ: راپۆرتی لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی لافاوەکە دەدرێتە قوباد تاڵەبانی
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمیسیۆنی خزمەتگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ رایدەگەیێنێت، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکان و لایەنە کەمتەرخەمەکانی لافاوەکەی چەمچەماڵ راپۆرتەکەیان تەواو کردووە، ئەمڕۆ پێشکێشی جێگری سەرۆکوەزیرانی دەکەن. هاوکات وردەکاریی قەرەبووکردنەوە و چۆنێتیی دیاریکردنی زیانەکان بە شێوازی ئەلیکترۆنی ئاشکرا دەکات.
عەتا محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی خزمەتگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "دوای سەردانەکەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان، دوو لیژنەی جیاواز پێکهێندراون؛ یەکەمیان کۆمیسیۆنی خزمەتگوزارییە و ئەوەی دیکەشیان لیژنەی لێکۆڵینەوەیە بە سەرۆکایەتیی شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی."
سەبارەت بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە هۆکاری لافاوەکە، عەتا محەممەد ئاشکرای کرد: "لیژنەی لێکۆڵینەوە راپۆرتی خۆی لەسەر هۆکارەکانی لافاوەکە و لایەنە کەمتەرخەمەکان ئامادەکردووە و ئەمڕۆ پێشکەش بە جێگری سەرۆکوەزیران دەکرێت بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدات."
سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە جەختی لەسەر بەڵێنەکەی قوباد تاڵەبانی کردەوە سەبارەت بە سزادانی کەمتەرخەمەکان و گوتی: "جێگری سەرۆکوەزیران گەرەنتی ئەوەی داوە کە لێپێچینەوە دەکرێت و ئەوانەی کەمتەرخەم بوون سزای خۆیان وەردەگرن، هەروەها ئەنجامەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێن."
هۆکارە سەرەکییەکانی لافاوەکە
دەربارەی هۆکارە هونەرییەکانی دروستبوونی لافاوەکە، عەتا محەممەد ئاماژەی بەوە دا کە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا بەهۆی دروستکردنی بینا، رێگەوبان و باخ لەسەر رێڕەوەکان، ئاڕاستەی ئاوەکە لە "بانی مەقان"ـەوە تەسک کراوەتەوە. ئەمەش وایکردووە لەجیاتی ئەوەی ئاوەکە بە شێوەیەکی بەربڵاو بڕوات، پەنگی خواردووەتەوە و دواتر بە هێزێکی زۆرەوە دەرچووە، کە بووەتە هۆی دروستبوونی ئەو زیانە گەورانە.
تیمێکی تایبەت بە ئەلیکترۆنی زیانەکان تۆمار دەکەن
سەبارەت بە میکانیزمی قەرەبووکردنەوە، عەتا محەممەد روونیکردەوە: "تیمێکی 57 کەسی کە پێشتر لە پرۆسەی سەرژمێریدا راهێنانیان پێکراوە، لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکی تایبەتەوە ماڵ بە ماڵ و دووکان بە دووکان دەگەڕێن. زیانەکان بە وێنە، بەڵگە و دۆکیۆمێنت تۆمار دەکرێن و نرخێکی خەمڵێنراو بۆ زیانەکان دادەنرێت."
گوتیشی: "پێشبینی دەکەین رۆژی دووشەممە داتاکان بە تەواوی ئامادە بن و لە رۆژی سێشەممەوە دەست بە شیکردنەوەیان بکرێت. هەوڵدەدەین لە ماوەی هەفتەیەک یان کەمتر لە دوای کارەساتەکە دەست بە دابەشکردنی قەرەبووەکان بکەین".
کردنەوەی هەژماری بانکی و هاوکاریی کۆمپانیاکان
کۆمیسیۆنەکە دوو هەژماری بانکی بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک راگەیاندوە، عەتا محەممەد رایگەیاند، چەندین کۆمپانیای گەورەی وەک (دانە غاز، قەیوان، ئاسیاسێڵ، ئانزۆ، برووسک، نەجمەدین و زانکۆی جیهان) ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاری دارایی دەربڕیوە.
سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە دڵنیایی دا کە پرۆسەکە بە شەفافی بەڕێوەدەچێت و گوتی: "دوو تیمی چاودێریمان داناوە؛ تیمێکیان لە رێکخراوە لۆکاڵییەکان و تیمێکیش لە شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەوەی چاودێرییەکی وردی دابەشکردنی هاوکارییەکان و بەڕێوەچوونی کارەکان بکەن".
قەبارەی زیانەکان و دۆخی خزمەتگوزارییەکان
بەپێی قسەی عەتا محەممەد، زیانەکان زۆر گەورەن و بریتین لە:
- زیانگەیشتن بە تۆڕی ئاو، وێستگەکانی ئاو و بیرەکان
- تێکچوونی رێگەوبان و پردەکان و پچڕانی رێگەی 30 گوند
- زیانگەیشتن بە نەخۆشخانەکان، کتێبخانەی گشتی، فەرمانگەی پاسپۆرت و کشتوکاڵ
- زیانی گەورە بەر تۆڕەکانی کارەبا کەوتووە
سەبارەت بە دۆخی ئێستای خزمەتگوزارییەکانیش رایگەیاند: "پاککردنەوەی کۆڵان و ماڵەکان بە رێژەی 90% تەواو بووە. کێشەی ئاو بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی و ناردنی تەنکەر چارەسەر کراوە، کارەباش 24 کاتژمێرە و نابڕێت".