یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان کەمپینێکی هاوکاریی بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان رایگەیاند، وەکو وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆیان بۆ بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی گەرمیان راگەیاندووە.
 
رۆژی پێنجشەممە 13ی کانوونی یەکەمی 2025 ئەحمەد رێکانی، سەرۆکی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەڵمەتێکی هاوکاریمان بە مەبەستی بەهاناوەچوونی خەڵکی هەژار و لێقەوماو و زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ و گەرمیان راگەیاندووە، سەرەتا لە خۆمان و وەبەرهێنەرانەوە دەستمان پێکردووە."
 
سەرۆکی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان داوای لە هەموو وەبەرهێنەران کرد، بەشداری لەو هاوکارییەدا بکەن. ئەحمەد رێکانی گوتی، "هاوکارییەکە کەلوپەل و پێداویستی بێت یان پارە، هیچ جیاوازییەکی نییە، گرنگ ئەوەیە هاوکارییەک بگەیێندرێت."
 
ئەحمەد رێکانی ئاماژەی بەوەدا، لە ئەمڕۆوە دەرگە بۆ هەموو سەرمایەداران و وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان کراوەیە. دوای کۆکردنەوەی هاوکارییەکان، یان لە رێگەی یەکێتیی وەبەرهێنەرانەوە یان لە رێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە هاوکارییەکان دەگەیێنین.
 
رۆژی 7ی کانوونی یەکەمی 2025، شەپۆلێکی بارانبارین باشووری کوردستانی گرتەوە و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو، بەهۆیەوە لە بەشێکی باشووری کوردستان و لەنێویاندا قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری لافاو دروست بوو و زیانی گیانی و ماددیی لێکەوتەوە.