لە کرماشان دوو کەس بە ئەنفلەوەنزا گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی زانکۆی پزیشکی کرماشان دەڵێت، تاوەکو چوار هەفتەی دیکەش بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزا لە پارێزگاکە زیاتر دەبێت.
ئەمڕۆ شەممە، 13ی کانوونی یەکەمی 2025، عەلی سرووش، سەرۆکی زانکۆی پزیشکی کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، زیاتر لە مانگێکە بڵابوونەوەی ئەنفلەوەنزا لە ئاستی هوشداری تێپەڕیوە و بە خێرایی بڵاودەبێتەوە."
عەلی سرووش گوتی، "تاوەکو ئێستا دوو کەس بەهۆی ئەنفلەوەنزاوە گیانیان لەدەستداوە و تووشبوون بەو پەتایە لە پاریزگاکە زیاتر بووە."
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا کاتی لێدانی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا بەسەرچووە، بەڵام ئەو کەسانەی نەخۆشییان هەیە، بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی تووشبوون بەو پەتایە کەم بکەنەوە، دەتوانن ڤاکسین لێبدەن.
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی 11-12-2025، وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 101 کەس بەهۆی ئەنفلەوەنزاوە گیانیان لەدەستداوە و تووشبوون بەو پەتایە زیاتر بووە.
حوسێن کرمانپوور، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند: "ژمارەی تووشبووان بە پەتای ئەنفلەوەنزا بەخێرایی زیاتر دەبێت و پێشبینی دەکرێت، ئەگەر خەڵک پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزی بن، زیاتربوونی ژمارەی تووشبووان تاوەکو نێوەڕاستەکانی مانگی بەفرانبار (یەکەم مانگی زستان) بەردەوام بێت و دواتر کەمبێتەوە."
قسەکانی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران دوای ئەوە هات، لە میدیاکانی ئەو وڵاتە بڵاوکرایەوە، ژمارەی قوربانییانی ئەنفلەوەنزا لەو وڵاتە زۆر بەرزبووەتەوە و تەندروستیی ئێران ئاماری راستەقینەی قوربانییان بڵاو ناکاتەوە.
قوباد مورادی، بەڕێوەبەری ناوەندی کۆنترۆڵی نەخۆشییە گوازراوەکان لە وەزارەتی تەندروستیی ئێرانیش رایگەیاندووە، تووشبوون بە ئەنفلەوەنزا لە زۆربەی پارێزگاکان لە دۆخی هۆشدار تێپەڕیوە و سەردانی تووشبووان بۆ نەخۆشخانە ئەوەندە زۆرە، لە هەندێک لە نەخۆشخانەکان جێگە نەماوە بۆ چارەسەرکردن و خەواندنی تووشبووان.