کەسوکاری ئاکۆ سابیر: کوڕەکەمان لەکاتی ئەرکدا و بەبێ چەک شەهید بووە، داواکارین بەلاڕێدا نەبرێ
رووداو دیجیتاڵ
ئاکۆ سابیر لەکاتی ئەرکی مرۆیی و رێکخستنی ئەو هاوکارییانەی بۆ لێقەوماوانی لافاو لە چەمچەماڵ برابوو، لەلایەن کەسێکەوە تەقەی لێکرا و بە سەختی بریندار بوو، دواتر گیانی لەدەستدا؛ چوار کچی لەدوای خۆی جێهێشتووە و خەم و پەژارە رووی لە بنەماڵەکەی کردووە.
جومعە عەزیز، ئامۆزای ئاکۆ دەڵێت، "کوڕەکەمان لە ئەرک و کاردا بۆ نیشتمان شەهید بووە، بێ چەک بووە و داواکارین بەلاڕێدا نەبرێت."
ئاکۆ سابیری تەمەن 35 ساڵ باوکی چوار کچ بوو، رۆژی 12-12-2025 لەکاتی ئەرک لەگەڵ دوو هاوپیشەی دیکەی لەلایەن دوو تەقەکەرەوە بریندار دەکرێن، ئاکۆ رۆژێک دواتر بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
هۆشیار کۆێخا بیلال، کەسوکاری ئاکۆ گوتی، "ئاکۆ خەسارەتێکی گەورە بوو، ئێستا بەهۆی لافاو و ئاکۆ چەمچەماڵ دوو جار پرسەدارە."
تۆمەتبارانی رووداوەکە دوو کەس بوون. قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەموو لایەک دڵنیا دەکەنەوە، ئەو تاوانە بێ سزای یاسایی تێپەڕ نابێت و ئەنجامدەرەکانی سزای یاسایی خۆیان وەردەگرن.