هاتووچۆی هەولێر: سەڵاح مۆنیکا بەهۆی تێکشکاندنی هێماکانی هاتووچۆ دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
هاتووچۆی هەولێر رایدەگەیێنێت، هێزە ئەمنییەکان بە بڕیاری دادوەر کەسێکیان بەناوی (سەڵاح مۆنیکا) دەستگیرکردووە کە خاوەنی ئۆتۆمبێلێکی تایبەتە لەجۆری لاندکرووزەر، هۆکارەکەیشی بۆ "کۆمەڵێک تاوان و سەرپێچی" دەگێڕێتەوە کە رۆژی پێنجشەممە لەکاتی دروستبوونی لافاو ئەنجامیداون.
لە راگەیێندراوێکدا، هاتووچۆی هەولێر لەبارەی سەرپێچییەکانی ئەو کەسە ئاماژەی بەوە کردووە، بریتین لە: "تێکشکاندنی هێماکانی هاتووچۆ بە ئۆتۆمبێلەکەی، هەروەها شکاندن و شێواندنی شۆستەکان لە هەندێک شوێن کە بەسەرکەوتن و شکاندنەکەش تەنیا بۆ نیشاندانی هێزی ئۆتۆمبێلەکەی بووە."
ئەو کەسە کە بە ئۆتۆمبێلەکەی وەرزشی ئۆفڕەودیش دەکات، بە گوتەی هاتووچۆی هەولێر دەستکاریی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەی کردووە و بەشێکی شاردووەتەوە کە "ئەمەیشیان تاوانە." هاوکات "دەستکاریی ئاکاری ئۆتۆمبێلەکەی کردووە" بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی لایەنی پەیوەندیدار کە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆیە، ئەوەش سەرپێچییە لە یاسای هاتووچۆ.
هاتووچۆی هەولێر دەشڵێت، "بۆ هەموو لایەکی روون دەکەینەوە کە دەستگیرکردنەکە جگە لەو تاوان و سەرپێچییانە هیچی دیکەی بەدواوە نەبووە."
بەشێک لە خەڵکی ئاماژەیان بەوە دابوو کە ئەو کەسە (سەڵاح مۆنیکا) هاوکاریی خەڵکی کردووە لەکاتی لافاوەکەی رۆژی پێنجشەممە 13-1-2022 لە هەولێر. هاتووچۆ دەڵێت، دەستگیرکردنەکە هیچ پەیوەندیی بە یارمەتیدانی خەڵکەوە نەبووە لەکاتی لافاوەکە، "چونکە هیچ کات حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کەسێک دەستگیرناکەن لەسەر یارمەتیدانی خەڵک، بەڵکو دەستخۆشی لێدەکەن."
بەیانیی ئەمڕۆ فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر ڤیدیۆیەکی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردەوە و کە تێیدا دەردەکەوت (سەڵاح مۆنیکا) بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە کاتێک بەنێو لافاودا دەڕوات هێمایەکی هاتووچۆ دەکات بەژێرەوە.
هاتووچۆی هەولێر ئەوەشی گوتووە کە "سەبارەت بە هەموو تاوان و سەرپێچییەکانی کە ئەنجامدراون، بەڵگەی ڤیدیۆیی و دۆکیۆمێنت هەیە کە هەندێکی لەلایەن خۆیەوە بڵاوکراونەتەوە."