بازرگانیی خۆراک لە سلێمانی: دابەشکردنی گۆشت لەگەڵ بەشەخۆراکدا تەنیا دەنگۆیە

 
رووداو دیجیتاڵ

دەنگۆیەک هەیە، گوایە گۆشتی بەستوو لەگەڵ بەشەخۆراکدا بە نرخی پاڵپشتیکراو لە هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، هیچ نووسراوێکیان لەوبارەیەوە پێنەگەیشتووە. ئاماژە بەوەش دەکات، ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان و عێراق 10 بەشەخۆراک دابەشکراون و هەفتەی داهاتووش یەکەم بەشی ساڵی 2024 دابەش دەکرێت.
 
ساڵی رابردوو لە چەند ناوچەیەکی بەغدا گۆشتی بەستوو بە نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشکرا. دەنگۆ هەبوو لە رێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە ئەو گۆشتە لە هەرێمی کوردستانیش دابەش بکرێت. لەوبارەیەوە کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە 14-01-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەنگۆی هاتنی گۆشت و دابەشکردنی راست نییە. تاوەکو ئەمڕۆ هیچ نووسراوێکی لەو شێوەیە بە ئێمە نەگەیشتووە. ئێمەش تاوەکو لایەنی فەرمی بە نووسراو پێمان نەڵێت، ناتوانین بڵێین ئەو بابەتە راستە."
 
کامەران فەتاح ئاماژەی بەوەش کرد، هەفتەی داهاتوو یەکەم بەشەخۆراکی ساڵی 2024 دابەش دەکەن. گوتیشی، "ساڵی 2023 لە هەموو عێراقدا بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیشەوە 10 بەشە خۆراک دابەشکرا. ئێستا بۆ دابەشکردن، زیاترکردن و کەمکردنی بەشەخۆراک تەواوی پارێزگاکان پێکەوەن و هەمووشمان بڕیار لە بەغداوە وەردەگرین."
 
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی گوتیشی، رەزامەندی وەرگیراوە و لە هەفتەی داهاتووەوە بەشەخۆراکی یەکەمی ساڵی 2024 دابەشدەکرێت. باسی لەوەش کرد، "هیچ مادەیەکی خۆراکیی دیکە وەکو باس دەکرێت بۆ دابەشکردن زیاد نەکراوە؛ ئەوەی دابەش دەکرێت برنج، شەکر، رۆن، دۆشاو، نیسک یان نۆک یان لەتکەنۆک دەبێت."
 
دوایین بەشەخۆراکی ساڵی 2023 لە هەرێمی کوردستان، لە مانگی 12ـی ساڵی رابردوودا دابەشکرا.