ئەنجوومەنی باڵای فەتوا: گۆڕینەوەی دۆلاری سپی و شین بە نرخی جیاواز ریبایە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان بڕیاری شەرعی لەبارەی دیاردەی جیاوازیی نرخی دۆلاری "کۆن" و "نوێ" دەرکرد و رایگەیاند، هەر جۆرە مامەڵەیەک کە تێیدا دۆلاری سپی بە نرخێکی کەمتر لە دۆلاری شین بگۆڕدرێتەوە، "حەرامە و هیچ بنەمایەکی یاسایی و شەرعی نییە."
 
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ 14-01-2026 دەرکراوە، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا ئاماژەی بەوە کردووە دوای لێکۆڵینەوە و راوێژکردن لەگەڵ پسپۆڕانی بازاڕی دراو، دەرکەوتووە کە لە رووی یاساییەوە هیچ جیاوازییەک لە نێوان دۆلاری سپی و شیندا نییە، بۆیە هەر جیاوازییەک لە نرخەکانیاندا لە کاتی ئاڵوگۆڕدا، بە سوود (ریبا) هەژمار دەکرێت.
 
ئەنجوومەنی فەتوا دەڵێت، "دۆلاری سپی و شین هەردووکیان یەک دراون، پێویستە لە کاتی گۆڕینەوەدا دەستبەدەست بن و بێ زیاد و کەم بگۆڕدرێنەوە، هەر زیادە و کەمێک بەپێی فەرموودە دروستەکان، دەچێتە خانەی ریباوە و کەسی وەرگر و پێدەر لە تاوانەکەدا وەک یەکن."
 
ئەنجوومەنەکە هەروەها رایگەیاندووە، "هەر کەسێک یان کۆمپانیایەک قەرزی لای کەسێکی دیکە بێت بە دۆلار، بۆی نییە لە کاتی وەرگرتنەوەی قەرزەکەدا داوای بڕە پارەیەکی زیاتر بکات بە بیانووی ئەوەی دۆلارەکە سپییە، پێویستە قەرزەکە بە هەمان بڕ و ژمارە بدرێتەوە."
 
رێگەی شەرعی بۆ گۆڕینەوەی دۆلارەکە
 
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت دۆلاری سپی بدەن و دۆلاری شین وەربگرن، رێگەیەکی شەرعی پێشنیاز دەکات و دەڵێت، "پێویستە کەسەکە سەرەتا دۆلارە سپییەکە بە دراوێکی دیکە (بۆ نموونە بە دیناری عێراقی) بفرۆشێت، پاشان بەو دینارە دۆلاری شین بکڕێتەوە."
 
بەهای 100 دۆلاری چاپی سپی بەراورد بە چاپی شین لە بازاڕدا، سێ بۆ چوار هەزار دینار جیاوازە.