دوو هاونیشتمانی خەڵکی بۆکان لە خۆپێشاندانەکانی تاران کوژران

رووداو دیجیتاڵ

لە خۆپێشاندانەکانی تاران دوو هاونیشتمانیی خەڵکی بۆکان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژران رێکخراوێکی مافی مرۆڤیش دەڵێت، ژمارەی کوژراوانی خۆپێشاندانەکان دوو هەزار و 400 کەسی تێپەڕاندووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 14-01-2026، ئاژانسی هەواڵی کوردپا بڵاویکردەوە، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی شاری تاران، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خەڵکی ناڕازی کردووە و بەهۆیەوە (سیاوەش شێرزاد) و (زارا مورادی) کە هەردووکیان خەڵکی بۆکانن گیانیان لەدەستداوە.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، سیاوەش شێرزاد خەڵکی گەڕەکی عەلی ئاوای شاری بۆکان بووە و بە مەبەستی کارکردن لە تاران نیشتەجێ بووە. رۆژی پێنجشەممە 8ی کانوونی دووەم لە خۆپێشاندانەکان دا بریندار کراوە و دواتر گیانی لەدەستداوە. 
 
هەروەها زارا مورادی خەڵکی گوندی حەساری شاری بۆکان بووە، ئەویش هەر بۆ کارکردن لە تاران بووە. زارا رۆژی پێنجشەممە 8ی کانوونی دووەم لەکاتی خۆپێشاندانەکانی گەڕەکی (تەهران سەر)ـی تاران، لەگەڵ خاڵ و ئامۆزایەکی بریندار بوون، بەڵام زارا دواتر بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران (هەرانا) نوێترین ئاماری قوربانییانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانەوە تاوەکو ئێستا کوژرانی دوو هەزار و 403 کەسیان پشتڕاستکردووەتەوە."
 
بەپێی راپۆرتەکەی هەرانا، "لە کۆی ئەو ژمارەیە 147 کەسیان سەر بە هێزە ئەمنییەکانن و ئەوانی دیکە هەموویان هاووڵاتیی مەدەنین، کە 12 منداڵیان تێدایە. هاوکات هەزار و 134 کەس برینەکانیان سەختە."
 
سەبارەت بە دەستگیرکراوانیش، ئاژانسەکە ئاشکرای کردووە کە "18 هەزار و 434 کەس دەستبەسەرکراون و دانپێدانانی زۆرەملێی 97 کەسیشیان بڵاوکراوەتەوە."
 
خۆپێشاندانەکان رۆژی 28-12-2025 بەهۆی گرانی و خراپیی دۆخی بژێوی، بە مانگرتنی کاسبکاران لە بازاڕی گەورەی تاران دەستیپێکرد و دواتر تەواوی پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە. ماوەی شەش رۆژیشە حکومەت هێڵەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندیی لە سەرانسەری وڵات بڕیوە.