نزیکەی 300 ماڵ لە شارەزوور بێ کارەبان

رووداو دیجیتاڵ

ماوەی هەفتەیەکە دانیشتووانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی شارەزوور سیتی کێشەی نەبوونی کارەبای نیشتمانییان هەیە و دەڵێن "محاویلەکەیان سووتاوە"، بەڕێوەبەری پڕۆژەکەش دەڵێت، نە سووتاوە و نە تێکچووە، بەڵکو بەرگەی لۆدی زۆر ناگرێت و لە 10 رۆژی داهاتوودا بە تەواوبوونی سیستمی ژێرزەوی، کێشەکە چارەسەر دەکەن.
 
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی پڕۆژەی شارەزوور سیتی لە قەزای شارەزوور بە (رادیۆی رووداو)ی راگەیاند، نزیکەی 300 ماڵ لەو پڕۆژەیەدا نیشتەجێن، ماوەی هەفتەیەکە بەهۆی کێشەی گۆڕەر (محاویلە)ی گەڕەکەکەیانەوە بێ کارەبای نیشتمانین و پشت بە موەلیدە دەبەستن، ئەمەش کێشەی بۆ دابەشکردنی ئاویش دروستکردووە.
 
ئەو هاونیشتمانییە گلەیی لە کۆمپانیای جێبەجێکار هەیە و دەڵێت: "کۆمپانیاکە کەمتەرخەمە و کێشەکەمانی پشتگوێ خستووە، لەکاتێکدا سێ ساڵە پڕۆژەکە دروستکراوە و هێشتا کەموکورتی هەیە."
 
بەڵام کەمال غەریب، بەڕێوەبەری پڕۆژەی شارەزوور سیتی بە (رادیۆی رووداو)ی راگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لە سووتانی محاویلە دەکەن راست نین، کێشەکە تەنیا "فیوزکردنە" بەهۆی بەکارهێنانی ئامێرە گەرمکەرەوەکان و لۆدی زۆرەوە، چونکە ئەو محاویلەیەی ئێستا هەیە "گەڕۆک و کاتییە".
 
سەبارەت بە چارەسەری بنەڕەتیی کێشەکە، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە دەڵێت: "رەزامەندیمان وەرگرتووە کارەباکەمان لە فیدەری گوندەکانەوە بگوازینەوە سەر فیدەری 5ی ناوشار. ئێستا خەریکی دانانی سیستمی کارەبای ئەندەرگراوندین (ژێرزەوی)، کارەبای 10 کۆڵان تەواو بووە و تەنیا 10 رۆژی دیکەمان پێویستە بۆ ئەوەی بە یەکجاری کێشەکە چارەسەر بکەین."
 
هاوکات نەهایەت فەرەیدوون، لێپرسراوی فرۆشتنی وزەی کارەبا لە شارەزوور پشتڕاستی دەکاتەوە کە پڕۆژەکە کێشەی جیدیی کارەبای هەیە و کۆمپانیاکە بە "کەمتەرخەم" ناودەبات.
 
نەهایەت فەرەیدوون بە (رووداو)ی گوت: "کێشەی سەرەکی بۆ کەمیی توانای محاویلەکان دەگەڕێتەوە، بۆ نموونە کۆمپانیاکە محاویلەی بۆ 26 ماڵ داناوە، لەکاتێکدا ژمارەی ماڵەکان زۆر لەوە زیاترن، بۆیە کارەباکە زۆر بێهێزە و وەک چارەسەری کاتی بۆ هەر ماڵێک تەنیا 6 ئەمپێر دیاری کراوە."
 
لێپرسراوەکەی وزەی کارەبا ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕێی لیژنەیەک لە سلێمانی دەکەن بۆ پشکنینی کەرەستە و محاویلەکان تاوەکو بزانن لەگەڵ ستانداردەکان دەگونجێن یان نا، هۆشداریش دەدات کە "دەبوو کڕیاران پێش نیشتەجێبوون ئاگادار بکرێنەوە کە پڕۆژەکە کێشەی کارەبای هەیە."