بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەهەنجیر: بەهۆی بارانەوە پڕکردنەوەی چاڵەکانی رێگەی کەرکووک - چەمچەماڵ دواکەوتووە

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی ژمارەیەک هاونیشتمانی ڤیدیۆی خراپیی رێگەی سەرەکیی کەرکووک - چەمچەماڵیان بۆ رووداو نارد، کە تێیدا دەردەکەوێت چاڵوچۆڵییەکان بوونەتە هۆی زیانگەیاندن بە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان، بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەهەنجیر رایگەیاند، چاوەڕێی کارگەکانی قیرن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
 
ئاڤێستا شێخ محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەهەنجیر بە (رادیۆی رووداو)ی راگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکە لە پۆرتاڵی رووداو کە تێیدا دەردەکەوێت چاڵێکی گەورە لەسەر رێگەی کەرکووک - چەمچەماڵ هەیە و بووەتە هۆی تەقینی تایەی چەندین ئۆتۆمبێل، راستەوخۆ پەیوەندیی بە بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان و پردی کەرکووکەوە کردووە.
 
سەبارەت بە هۆکاری پڕنەکردنەوەی چاڵەکان تاوەکو ئێستا، بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەهەنجیر گوتی: "بەڕێوەبەری رێگەوبان پێی راگەیاندووین کە بەهۆی شەپۆلی بارانبارینەوە، کارگەکانی قیر لە کارکردن وەستاون، چونکە پڕکردنەوەی ئەو چاڵانە تەنیا بە قیر دەکرێت و بەبێ ئەوە چارەسەر نابن."
 
ئاڤێستا شێخ محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان بەڵێنیان داوە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی کاری کارگەکانی قیر، دەستبەجێ تیمەکانیان بنێرن و دەست بە پڕکردنەوەی چاڵەکان بکەن.
 
رێگەی کەرکووک - چەمچەماڵ یەکێکە لە رێگە ستراتیژی و قەرەباڵخەکان و  ئێستا کاری فراوانکردن و نۆژەنکردنەوە تێیدا بەردەوامە. لەو بارەیەوە بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەهەنجیر داوای لە شۆفێران کرد: "بەهۆی کارکردن لە پڕۆژەی فراوانکردنی رێگەکە، پێویستە شۆفێران زیاتر ئاگاداربن و پابەندی هێماکانی هاتووچۆ و لادانە کاتییەکان بن، بۆ ئەوەی لە مەترسیی رووداوەکان بەدوور بن."