لە وان پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ماڵان و ژمارەیەک کەسی دەستبەسەر کرد
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان، پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ژمارەیەک ماڵ و ژمارەیەک هاونیشتمانی دەستبەسەر کرد. بەگوێرەی زانیارییەکان، هۆکاری دەستبەسەرکردنەکە پەیوەندیی بە خۆپێشاندانەکانی رۆژانی رابردووی ئەو شارەوە هەیە.
بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە، 14-07-2026، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە شاری وان ئۆپەراسیۆنێکیان کرد و هەڵیانکوتایە سەر ژمارەیەک ماڵ.
بە گوێرەی سەرچاوەکان، ئۆپەراسیۆنەکە بە پاساوی "پڕوپاگەندەکردن بۆ رێکخراوی دەرەوەی یاسا" و "پێشێلکردنی یاسای گردبوونەوە و خۆپێشاندانەکان" کراوە و تێیدا ژمارەیەک هاونیشتمانی دەستبەسەر کراون. ئەو کەسانەی دەستبەسەرکراون، بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی وان گواستراونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی ژمارەیان رانەگەیێندراوە.
ئەم ئۆپەراسیۆنەی پۆلیس دوای ئەوە دێت، ماوەی چەند رۆژێک بوو لە شاری وان وەک کاردانەوەیەک دژی هێرشەکانی سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب، خۆپێشاندان بەڕێوەدەچوون.
پێشبینی دەکرێت ئەو کەسانەی رۆژی چوارشەممە دەستبەسەر کراون، بەشێک بن لە بەشداربووانی ئەو خۆپێشاندانانە.