کەشناسی: زۆرترین بەفر لە حاجی ئۆمەران و زۆرترین باران لە مێرگەسۆر باریوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماری بەفر و بارانی 24 کاژێری رابردووی بڵاوکردەوە؛ لە مێرگەسۆر نزیکەی 58 ملیمەتر باران باریوە و لە حاجی ئۆمەران 32 سانتیمەتر بەفر کەوتووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا زۆرترین بەفر لە حاجی ئۆمەران باریوە کە 32 سانتیمەتر بووە، کەمترینیش لە هێرۆ و چۆمان بووە کە 2 سانتیمەترە.
بەگوێرەی ئامارەکەی کەشناسی، زۆرترین لە سنووری پارێزگای هەولێر لە قەزای مێرگەسۆر بووە، کە 57.6 ملیمەتر، لە سەنتەری شاری هەولێریش 0.4 ملیمەتر (کەمترین) باران باریوە.
سەبارەت بە پێشبینییەکانیش، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ئەمڕۆ "لە سەنتەری شارەکانی سلێمانی و دهۆک، هەروەها ناوچەکانی ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ، سۆران، راپەڕین و زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت."
لەلایەکی دیکەوە محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی گوت: "پێشبینی دەکرێت هەموو ئەو ناوچانەی 750 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزن، بەفریان لێ ببارێت."
ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوەش کرد، ئێوارەی سبەی پێنجشەممە کۆتایی بەم شەپۆلە دێت، بەڵام پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن، بەجۆرێک "ئەگەری هەیە شەختە و بەستەڵەک رێگەی زۆربەی شارەکان بگرێت."
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراوی سبەی پێنجشەممە 15-01-2026:
هەولێر: 8 پلە
سلێمانی: 6 پلە
دهۆک: 6 پلە
هەڵەبجە: 6 پلە
پیرمام: 5 پلە
سۆران: 2 پلە
حاجی ئۆمەران: 0 پلە
چەمچەماڵ: 7 پلە
زاخۆ: 6 پلە
ئاکرێ: 6 پلە