ئەنجوومەنی وەزیران بەدواداچوون بۆ مووچەی مانگی 11 و 12ی ساڵی رابردوو دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و باسی پرسی مووچەی مانگەکانی 11 و 12ی ساڵی رابردوو و ئەم ساڵ دەکرێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ی کانوونی دووەمی 2026 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا دوو تەوەری سەرەکی گفتوگۆ دەکرێن، لە تەوەری یەکەمدا پوختەی ساڵی دارایی 2025 و تاوتوێکردنی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی دارایی 2026، بەدواداچوونی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ مووچەی مانگەکانی 11 و 12ی ساڵی 2025، زامنکردنی خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی ساڵی 2026 و شایستە داراییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵ گفتوگۆ دەکرێت.
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەی حکومەتدا هاتووە، لە تەوەری دووەمدا، جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی سێقۆڵیی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە سەرکەوتوویی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2025، بەرەوپێشچوونەکانی بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی رێککەوتتنامەکە، خستنەڕووی داتا و زانیارییەکان لەبارەی بڕی نەوتی هەناردەکراو و داهاتی بەدەستهاتووی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ گەنجینەی فیدراڵی گفتوگۆ دەکرێت.