هاووڵاتییەکی عەرەب لە کەرکووک بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ئاڵای عێراق دەستگیرکرا

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کەسێک لە قەزای دووبزی سەر بە پارێزگای کەرکووک بەهۆی ئاڵاندنی ئاڵای عێراق لە بەرخێک، دەستگیرکرا.
 
عەقید عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای بینینی ڤیدیۆکە و بڵاوبوونەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تیمەکانمان ئەو کەسەیان دەستگیر کرد کە سووکایەتیی بە ئاڵای عێراق کردبوو."
 
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوەش کرد، "هاووڵاتییەکە خەڵکی دووبزە و لە نەتەوەی عەرەبە، ئێستا بەپێی مادەی 202ی یاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەرە."
 
دەقی مادەی 202ی یاسای سزادانی عێراق:
 
هەر کەسێک بە یەکێک لە رێگە ئاشکراکان سووکایەتی بە نەتەوەی عەرەب، گەلی عێراق، توێژێک لە دانیشتووانی عێراق، ئاڵای نیشتمانی یان درووشمی دەوڵەت بکات، سزای زیندانیکردنی تاوەکو 10 ساڵ یان بەندکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت.