حکومەت داوای 7 مووچەی نەدراوی فەرمانبەرانی لە بەغدا دەکات


رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا داوای 7 مووچەی نەدراوی فەرمانبەرانی و بودجەی ئەم ساڵیش لە عێراق بکات؛ هاوکات رێژەی 14٪ بۆ پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بکرێتە بنەما.
 
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆتاییهات و ژمارەیەک بڕیاری دا؛ کە وێنەیەکی سەنگەر عەبدولڕەحمان، بێژەری نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە.
 
ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا، دانەوەی 7 مووچەی نەدراوی ساڵانی رابردوو، بودجە بۆ یەک ساڵ و رێژەی 14٪ بکرێتە بنەما بۆ پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق دا.
 
هاوکات لە بڕیارەکانی دیکەی ئەنجوومەنەکەدا هاتووە، کە گفتوگۆی هەرێمی کوردستان لەسەر بودجە دەبێت نەک مووچە؛ جگە لەوەی گفتوگۆ لەسەر بەشەبودجەی فیدراڵی هەرێمی کوردستانیش بکرێت.
 
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری ئەوەیشی داوە کە داوا لە عێراق بکات، لە بودجەی ساڵی 2026دا، مافی هەرێمی کوردستان لە دامەزراندن دیاری بکرێت؛ رێککەوتن بۆ هەناردەکردنی نەوت لە دوای مانگی 3 درێژ بکرێتەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، گفتوگۆ لەبارەی زیادکردنی داهاتی وەزارەتەکان کرا؛ هاوکات وەزارەتەکان راپۆرت لەسەر داهاتیان دەدەنە ئەنجوومەنی وەزیران.
 
ئەمە لەکاتێکدایە کە بڕیارە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گفتوگۆ لەسەر بودجەی ساڵی 2026 بچێتە بەغدا.