پاڤێڵ تاڵەبانی نەیتوانی بەرهەم ساڵح بباتە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی

رووداو- هەولێر

"ئەوەی بڕیاری یەكێتی بەدەستە دەڵێ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لای یەكێتی مەرغوب نییە". ئەمە قسەی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی ئەو حیزبەیە. ئەو قسەیە زیاتر روو لە پارتییە كە چاوەڕێ دەكات یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وەربگرێ.

یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان پێش ئەوەی وەڵامی داواكارییەكانی پارتی بداتەوە بۆ رێككەوتنی نوێ و وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، خۆی رێكدەخات و یەكەم هەنگاویش كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسییان بووە كە هەردوو باڵەكە تێیدا بەشدار بوون، باڵی "ناوەندی بڕیار" و باڵی "زۆرینەی مەكتەبی سیاسی".

باڤێل تاڵەبانی، كوڕی گەورەی تاڵەبانی رۆڵی سەرەكی هەبووە لە رێكخستنی كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، بەڵام نەیتوانی قەناعەت بە بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی بكات، بەشداری كۆبوونەوەكە بێت.

سەرچاوەیەكی زۆر نزیك لە بەرهەم ساڵح، بە (رووداو)ی راگەیاند "باڤێل تاڵەبانی بە بەرهەم ساڵحی گوتووە، تۆ بەشێكی لە یەكێتی و ناكرێ لە دەرەوەی یەكێتی بمێنییەوە. چونكە بەبێ تۆ كێشەكان چارەسەر ناكرێن". بەڵام گوتی بەرهەم ساڵح نەهاتووەتە ژێر باری داواكەی و رەتیكردووەتەوە بەشداری كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بكات. گوتیشی كە بەرهەم ساڵح لەڕێی باڤێل تاڵەبانییەوە پەیامێكی بۆ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ناردووە و گوتوویەتی "من رێگر نیم لەبەردەم یەكێتی، ئەگەر بەبێ من كێشەكان چارەسەر دەكرێن، بیكەن".

رۆژی 11/2/2017 یەكەم كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە دوای راگەیاندنی باڵی ناوەندی بڕیار لە سەرەتای ئەیلولی 2016 ، بەڕێوەچوو. جگە لە بەرهەم ساڵح هەموو ئەندامانی دیكەی مەكتەبی سیاسی لە باڵی ناوەندی بڕیار بەشدارییان لە كۆبوونەوەكەدا كرد. نەچوونی بەرهەم ساڵح كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی پەكنەخست كە لەو كۆبوونەوەیەدا بەتێر و تەسەلی قسە لەسەر پەیوەندیی یەكێتی لەگەڵ پارتی و گۆڕان كرا.

دڵشاد شەهاب، ئەندامی سەركردایەتی پارتی باسی گرنگی كۆبوونەوەكەی یەكێتی دەكات و دەڵێت نەك بە تەنیا بۆ یەكێتییەكان، بەڵكو بۆ هەموو كوردستان گرنگ بوو "كۆبوونەوەكە كە هەموو ئەندامانی مەكتەبی سیاسی تێیدا بەشداربوون، هەنگاوێكی باش بوو، چونكە جێگیربوونی دۆخی یەكێتی كاریگەری لەسەر هەموو لایەنێك و لەسەر كوردستانیش دەبێ".

پارتی داوای لە یەكێتی كردووە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وەربگرێ، بەڵام ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە (رووداو)ی گوت "لای سەرچاوەی بڕیار لەنێو یەكێتی كە هێرۆخانە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان مەرغوب نییە".

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی زانیاری زیاتری لەبارەی هەڵوێستی حیزبەكەی لە رێككەوتن لەگەڵ پارتی ئاشكرا دەكات و دەڵێت "یەكێتی لەگەڵ پارتی بەتەنیا وەكو جاران هیچ رێككەوتنێك بە دوو قوڵی ناكات، ئەمە یەكێكە لە سیاسەتەكانی یەكێتی بۆ 2017 ، بەڵكو دەبێ رێككەوتنێك بێ لایەنەكانی دیكەش تێیدا بەشدار بن".

لەتیف نێروەیی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی رایگەیاند كە یەكێتی بۆیە لەماوەی ساڵی رابردوو تاوەكو ئێستا نەیتوانی دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان بەلایەكدا بخات و كێشەكان چارەسەر بكات "چونكە یەكێتی لە نێوماڵی خۆی كێشەی هەبوو، ئێستا كە كێشە نێوخۆییەكانی یەكێتی چارەسەر دەبن، دەتوانێ وەك لایەنێكی چارەسەر لە كێشەكانی هەرێمی كوردستان رۆڵ ببینێ".

لەتیف نێروەیی  هەروەها دەڵێ "پارتی دەستی بە ژمارەیەك گۆڕانكاریی كردووە و دەبێ یەكێتیش ئامادەكاریی بكات بۆ ژمارەیەك گۆڕانكاری لە نێوخۆی و لە پۆستەكانی حكومەت، هەروەها یەكێتی پۆستی زۆرتر وەردەگرێ و دەبێ ئامادەكاری بۆ ئەوەش بكرێ".

رەنگە ئەو قسەیەی یەكێتی لەبارەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی كردی، بۆ پارتی خۆش نەبێ. عارف تەیفور، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی بە (رووداو)ی گوت "پارتی بەرنامەی هەیە لەنێو حكومەتدا گۆڕانكاری بكات، بۆیە لەگەڵ یەكێتی قسەمان كردووە و دەیكەین بۆ رێككەوتن، چونكە نزیكین لە یەكێتی".

عارف تەیفوور نایشارێتەوە كە یەكێتی قسەیەكی نەكردووە پارتی پشتڕاست بكاتەوە ئاخۆ رێككەوتن دەكات یان نا؟ وەك تەیفوور گوتی "هێشتا یەكێتی بەجددی نەهاتووەتە پێش، یەكێتیش چاوەڕێی لایەنەكانی دیكە دەكات كە لەگەڵ پارتی چی دەكەن".

پارتی مەبەستێتی رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی بكات و زیاتر نزیك ببنەوە. ئەم مژارە لەدوایین كۆبوونەوەی سەركردایەتی پارتی بە سەرۆكایەتی بارزانی باس كراوە. زانیارییەكانی نێو كۆبوونەوە كە بە دەست (رووداو) گەیشتوون، باسی ئەوە دەكەن كە "بارزانی گوتوویەتی پارتی بە نیازە لەنێو حكومەت و سلكی سەربازیشدا گۆڕانكاری بكات". بەڵام وەك بارزانی بە ئەندامانی سەركردایەتی حیزبەكەی گوتووە "چاوەڕێی یەكێتی دەكەین، چ هەنگاوێك لەگەڵ پارتی دەهاوێژێ و چۆن دەبێ‌".

یەكێتی لە بەیاننامەی پاش كۆبوونەوەكەی 11/2/2017 كە كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرپەرشتیی دەكرد،  باسی پەیوەندی نێوان یەكێتی و پارتی كردووە. لە بەیاننامەكەدا هاتووە مەكتەبی سیاسی "دوا كۆبوونەوەی وەفدی باڵای یەكێتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ئەرێنی هەڵسەنگاند".
رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو 16/2/2017 دووبارە مەكتەبی سیاسی یەكێتی "بۆ دوا تاوتوێی نەخشەڕێگاكەی یەكێتی كۆدەبێتەوە".

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبارەی نەخشەڕێگاكە گوتی "یەكێتی وەرەقەیەكی ئامادە كردووە كە وەكو نەخشەڕێگایەكە و بەرنامەی یەكێتییە بۆ ناوخۆی و لەگەڵ پارتی و حیزبەكانی دیكەی كوردستان لەساڵی 2017".