سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و حاکمی دووبەی کۆبوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و حاکمی دووبەی کۆبوونەوە. مەسرور بارزانی "سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی دەوڵەتی ئیماراتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد."
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە، 14-02-2024، لە دووبەی کرا. مەسرور بارزانی و شێخ محەممەد بن راشد ئال مەکتووم گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیمارات کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا شێخ حەمدان بن محەممەد بن راشد، جێنشینی دووبەی و مەکتووم بن محەممەد بن راشد، جێگری یەکەمی حاکمی دووبەی و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی باڵای ئیمارات ئامادە بوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی "سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی دەوڵەتی ئیماراتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد."
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "شێخ محەممەد بن راشد، خۆشحاڵیى خۆی بە بەشداریی شاندی هەرێمی کوردستان لە لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دووبەی نیشان دا و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ برەودان بە پەیوەندیى دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دەربڕی."