بەرگری شارستانیی هەولێر: 16 بنکەمان بۆ رێگری لە لافاو خراونەتە ئامادەباشییەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی هۆشدارییەکانی کەشناسی، سبەی پێنجشەممە مەترسی دروستبوونی لافاو لە شاری هەولێر هەیە. بۆ رێگری لە مەترسییەکانی لافاو پارێزگای هەولێر هەموو فەرمانگەکانی خستوەتە ئامادەباشییەوە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی شارەکە دەڵێت، 16 بنکەیان لە ئامادەباشیدان.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە شەپۆلێکی باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؛ رۆژی پێنجشەممەش "ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە".
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ چوارشەممە بە رووداوی گوت، "شەپۆلی بارانبارین ئەمڕۆ لە دهۆکەوە دەستپێدەکات و شەو هەموو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. چەقی شەپۆلەکە بەیانی سبەی دەبێت و مەترسی لافاو لە گەرمیان، کەرکووک و شاری هەولێر هەیە".
ئاراس جەبار گوتی، لە سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و تەواوی شارەکانی دیکە بارانی "زۆر باش" دەبارێت، بەڵام مەترسی لافاو نییە؛ گوتیشی، "رۆژی هەینی شەپۆلەکە لاواز دەبێت".
موقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "بە بەشداری نزیکەی 12 فەرمانگە کە ئێمەشی تێدابووین کۆبوونەوە کراوە و هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ رێگریکردن لە لافاو و زیانەکانی".
میراودەلی گوتی، لە سەنتەی شاری هەولێر هەشت بنکە و لە دەوروبەری شارەکەش هەشت بنکەیان هەیە و تەواویان خراونەتە ئامادەباشییەوە. گوتیشی، "ژووری کۆنترۆڵمان بۆ بەهاناوەچوونی هەرکەسێک لە ئامادەباشیدا دەبێت لە ئەگەری مەترسی لافاو؛ تەواوی ئەفسەر و کارمەندانیشمان لەسەر کار دەبن".
دوێنێ بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر و بەشداربوونی بەرپرسانی فهرمانگه خزمەتگوزارییەکانی پارێزگاکە کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو، تێیدا هۆشدارییەکانی مەترسی دروستبوونی لافاو تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا هەشت خاڵ بڕیاریان لەسەر درا کە ئەمانەن:
- سەرجەم قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان راسپێردران، هەریەک لە سنووری خۆی ژووری ئۆپەراسیۆن پێکبهێنێت و لە ئامادەباشی تەواودا بن بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و چارەسەرکردنی هەموو ئەو گرفت و کێشانەی کە دەبنە هۆکار و مەترسی دروستبوونی لافاو.
- سەرۆکایەتی شارەوانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکان، بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر و ئاودێری راسپێردران لە پاککردنەوەی رێرەوی (ئاوی سرووشتی باران، ئاوی قورس، کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆڵەکان، ئاوەڕۆكان) بەردەوام بن، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە مەترسیان هەیە ببنە هۆکاری کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو.
- سەرجەم لایەن و فەرمانگاکان لە ئامادەباشی و هاوئاهەنگیدا بن بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێک.
- سەرجەم فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەرامبەر هەر کەموکوڕی و کەمتەرخەمییەک کە ببێتە هۆی مەترسی دروستبوونی لافاو و روودانی هەر دۆخێکی نەخوازراو، هەریەکه و بەئاستی بەرپرسیاریەتی خۆی بەرپرسیارە.
- سەرجەم شار و سیتییەکانی هەولێر بەرپرسن لە خزمەتگوزاریی پاککردنەوەی رێڕەوی ئاوی سرووشتی باران، ئاوی قورس، کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆڵەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان.
- ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگا و دەزگای خێرخوازی بارزانی، بە هاوئاهەنگی فەرمانگەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، لەئامادەباشی تەواو دادەبن.
- بەرگریی شارستانی، پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ، زێرەڤانی و تەندروستی لە ئامادەباشی تەواودا بن بۆ روودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و مەترسی دروستبوونی لافاو.
- تیمەکانی پاراستنی رێگەوبانی هەولێر دابەش دەکرێن بەسەر رێگە گشتی و سەرکییەکان، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە مەترسی دروستبوونی لافاوی لەسەرە.