لە 10 مانگدا 15 کەس لە سنە بە گاز گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی بەڕێوەبردنی کەمکردنەوەی مەترسی کارەسات لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگای سنە دەڵێ، لە 10 مانگدا 154 کەس لە پارێزگاکە بەهۆی گازی ماڵانەوە ژەهراوی بوون کە 15 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ شەممە، 14ی شوباتی 2026، ئامینە حوسێنی، بەرپرسی بەڕێوەبردنی کەمکردنەوەی مەترسی کارەساتەکان لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە 21-03-2025 تاوەکو 21-01-2026، لە پاێزگاکە 15 کەس بەهۆی ژەهراویبوون بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن گیانیان لەدەستداوە.
بە گوتەی ئامینە حوسێنی، لەو 10 مانگەدا 154 کەس لە شار و گوندەکانی پارێزگای سنە بەهۆی گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنەوە ژەهراوی بوون و بۆ نەخۆشخانەکان گوێزراونەتەوە.
ئامینە حوسێنی ئاماژەی بەوەشکرد: "گیانلەدەستدانی 15 کەس لە ماوەیەدا ئامارێکی بەرزە و پێویستە خەڵک زیاتر ئاگادار بن."
ئامینە حوسێنی داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، بە رەچاوکردنی رێوشوێنی سەلامەتی، کۆنترۆڵکردن و چاککردنی بەردەوامی ئامێرە گەمکەرەوەکان بەتایبەت زۆپای گاز و دڵنیابوون لە هەواگۆڕکێی دروست لە ماڵەکانیان، رێگری لەو جۆرە رووداوانە بکەن.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی پزیشکی دادی ئێران، تەنیا لە مانگی یەکەمی وەرزی پاییزی ئەم ساڵدا 221 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن ژەهراوی بوون کە 11 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
لە هەمان مانگدا پارێزگای ورمێ بە 39 کەس، سنە بە 25 کەس و تەورێز بە 18 کەس، زۆرترین ژەهراویبوون بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن تێیاندا تۆمارکراوە.