کەشناسیی هەرێمی کوردستان: لە هەندێک ناوچە باران و هەندێکی دیکە خۆڵ دەبارێ
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ لە زۆرینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان باران دەبارێ و لە بەشێکی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی گەرمیان خۆڵبارین دەبێت. کەشناسێک پێشبینی دەکات، خۆڵبارین لاواز بێ و سبەی کەشوهەوا سەقامگیربێتەوە.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ شەممە لە زۆرینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێت و هەندێک کات لێزمەباران دەبارێ و هەورە برووسکەی لەگەڵدا دەبێت".
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ "ئەگەری تۆز و خۆڵ هەیە، بەتایبەت لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و باشووری پارێزگای هەولێر".
سبەی ئاسمانی هەرێمی کوردستان هەوراوی دەبێ و ئەگەری نمەباران لە چەند ناوچەیەک هەیە، بەتایبەت رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان، ئەمەش بەگوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان.
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشوهەوا، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "خۆڵبارینەکە سەرچاوەکەی وڵاتانی ئەفریقیایە و دوورە، بۆیە کاریگەریی لە هەرێمی کوردستان لاواز و کورت دەبێت".
لەبارەی بارانیشەوە ئەو کەشناسە پێشبینی دەکات، سبەی کەشوهەوای زۆرینەی هەرێمی کوردستان ئاسایی بێتەوە و بارانبارین کە چەند رۆژێکە باشووری کوردستانی گرتووەتەوە کۆتایی بێت؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "تاوەکو چوارشەممە باران نابارێ، چوارشەممە شەپۆلێکی زۆر لاواز بۆ ناوچە شاخاوییەکان هەیە. شەپۆلی سەرتاسەری دەکەوێتە سەرەتای مانگی داهاتوو".
بەگوێرەی کەشناسی سبەی پلەکانی گەرما بەمشێوەیە دەبن:
هەولێر؛ 20 پلەی سیلیزی
پیرمام؛ 15 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 14 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 8 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 17 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ؛ 19 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 17 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 17 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 16 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 22 پلەی سیلیزی