دڵشاد شەهاب: وڵاتان لە میونشن پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، بۆ جیهان روونبووەتەوە کە هەرێمی کوردستان فاکتەری سەقامگیری و ئاشتەواییە لە ناوچەکەدا. ئاماژە بەوەش دەکات، لە کۆنفرانسی میونشن سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان پاڵپشتیی خۆیان بۆ پارێزگاریکردن لە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردنی لە 62ـەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیایە و تاوەکو ئێستا لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان و وەزیرانی کاریگەر کۆبووەتەوە.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە ئاڵا شاڵی، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی بۆ رووماڵکردنی کۆنفرانسەکە راگەیاند، ''کۆنفرانسی ئەم ساڵ جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ رابردوو هەیە. جیهان لە بەردەم مەترسیی گەورەدایە و هەموو ئەو لایەنانەی کە لێرەن، باس لە گۆڕانکاریی گەورە و هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی جیهانی دەکەن.''
''هەرێمی کوردستان لە جەرگەی گۆڕانکارییە جیهانییەکاندایە''
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بە گرنگیی بەشداربوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا کرد و گوتی، ''هەرێمی کوردستان لە جەرگەی کێشە و گۆڕانکارییە جیهانییەکاندایە. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە هەموو دیدارەکاندا لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان، بە دەرفەتی زانیوە پەیامی هەرێمی کوردستان بگەیێنێت.''
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پەیامی نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان لە کۆنفرانسەکەدا دەڵێت، ''پێمان وایە هیچ کام لەو کێشە و ئاڵۆزییانەی کە لە ناوچەکەدا هەن، بە شەڕ چارەسەر نابن و پاڵپشتیی دیالۆگ و گفتوگۆ دەکەین، بۆ ئەوەی بەگشتی ناوچەکە لە شەڕ دوور بکەوێتەوە.''
دڵشاد شەهاب باسی لە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکاش کرد و گوتی، هەر ئاڵۆزییەک لە ناوچەکە، رەنگدانەوەی لەسەر دۆخی عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دەبێت.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەشدارن. گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی، ''هەر لە سەرەتاوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەموو هەنگاوەکانی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشقدا هاریکار بووە.''
نێچیرڤان بارزانی و پرسی کورد لە رۆژئاوای کوردستان
دڵشاد شەهاب گوتی، نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنی پار یەکەم هەنگاوی بۆ لێکنزیککردنەوەی لایەنەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان نا و گوتی، ''لەیادمە ئەوکات یەکەم دەرچوونی بەڕێز شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بوو، لێرە یەکدییان بینی و هەر لێرە سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە تەنیا کاتێک سووریا سەقامگیر و پێشکەوتوو دەبێ کە مافی هەموو پێکهاتەکان، بەتایبەتی کورد تێیدا پارێزراو بێت.''
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێکی سەرەکیی گفتوگۆکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان لە کۆنفرانسەکەدا تایبەت بووە بە دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان و گوتی، ''بێگومان هەرێمی کوردستان لە رێککەوتنەکەی هەسەدە و دیمەشقدا رۆڵێکی کاریگەر و کارای هەبووە. هەموو لایەنەکان بە گرنگییەوە سەیری ئەو رۆڵە دەکەن.''
دوێنێ لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا، مەزڵووم عەبدی و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا پێکەوە لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە. گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ''ئەوە ئاماژەیەکی باشە. یەکێکە لەو ئامانجانەی کە لەلایەن جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە هەموو کات بە گرنگییەوە سەیر کراوە. هەموو کات گوتەی بەڕێزیان بۆ کاک مەزڵووم ئەوە بووە کە لە دیمەشق بێت، [سووریا] بە وڵاتی خۆی بزانێت و بەشداریی کارای هەبێت.''
''وڵاتان پێگەی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنن''
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دڵشاد شەهاب باسی لە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتان کرد و گوتی، ''هەموو ئەو شاندانەی وڵاتان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیداریان هەبووە، رۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان لە ئاشتی و سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە کاریگەر دەبینن.''
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە، هەرێمی کوردستان کاریگەری بەسەر رووداوەکانەوە دەبێ و رایگەیاند، ''هەر رووداوێکیش لە ناوچەکە رووبدات، کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت.''
دڵشاد شەهاب ئەوەشی خستەڕوو، بۆ جیهان روونبووەتەوە کە هەرێمی کوردستان فاکتەری سەقامگیری و ئاشتەواییە لە ناوچەکەدا، ''بۆیە رۆڵی بەرز دەنرخێنرێ و لە هەموو دیدارەکاندا سەرکردەی وڵاتان پاڵپشتیی خۆیان بۆ پارێزگاریکردن لە پێگە، سەقامگیری و رۆڵی هەرێمی کوردستان لەنێو عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەربڕیوە.''
کۆنفرانسی میونشن یەکێکە لە گرنگترین کۆنفرانسەکانی ئاسایش لە جیهاندا و تێیدا سەرکردە و وەزیرانی کاریگەری وڵاتان کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر پرسە هەستیارەکانی ئاسایشی جیهان دەکەن.