بەڕێوەبەری پڕۆژەکە: بەشی یەکەمی دوو سایدی رێگەی هەولێر – کۆیە 40%ی تەواوکراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پڕۆژەی دووسایدکردنی رێگەی هەولێر – کۆیە دەڵێ، بەهۆی بارانەوە نزیکەی مانگێک بەشێکی کارەکانیان راگرت و ئەمڕۆ دەستپێدەکەنەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، زیاتر لە 40%ی بەشی یەکەمی رێگەکە تەواوکراوە.
 
محەممەد خالید، بەڕێوەبەری پڕۆژەی رێگەی هەولێر - کۆیە لە بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کارەکانمان لە پڕۆژەکە بەردەوامن، بەڵام بەهۆی زۆریی بارانەوە نزیکەی مانگێک ئەو کارانەی خۆڵکاری بوون راگیران. لە ئەمڕۆوە قۆناخ بە قۆناخ  دەستپێدەکەینەوە."
 
پڕۆژەکە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بودجەکەی زیاتر لە 560 ملیار دینارە. سەرەتا درێژیی رێگەکە 36.8 کیلۆمەتر بوو، بەڵام وەک بەڕێوەبەری پڕۆژەکە باسی دەکات، ئێستا کراوەتە 45 کیلۆمەتر و دەگاتە سەر رێگەی کۆیە – تەقتەق.
 
محەممەد خالید گوتی، "دوو پردی رێگەکە لە تەواوبووندان؛ هاوکات زۆرینەی ئاوبەرەکانی پڕۆژەکە تەواو کراون."
 
بۆ تەواوبوونی دووسایدەکە 1275 رۆژ دیاریکراوە، بەڵام وێڕای سەختیی رێگەکە، کۆمپانیای جێبەجێکار و حکومەت دەڵێن، پێش وادەی دیاریکراو تەواو دەکرێت.
 
رۆژی 10-10-2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی پڕۆژەکەی دانا و رایگەیاند: "شۆڕشی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری" دەگەیێننە هەموو ناوچەکان بەبێ جیاوازی.
 
پڕۆژەی رێگەی دووسایدی هەولێر - کۆیە ساڵی 2011 بە گوژمەی 461 ملیار دینار دەست بە جێبەجێکردنی کرا، بەڵام تەنیا 100 ملیار دیناری بۆ خەرج کرا و دواتر راگیرا.
 
رێگەی کۆیە - هەولێر یەکێک لە رێگە قەرەباڵخەکانی هەرێمی کوردستانە و بەگوێرەی بەپرسانی حکومەت، دوای تەواوبوونی دوو سایکردنی ماوەی رێگەکە لە کاژێرێکەوە بۆ کەمتر لە 30 خولەک کەم دەبێتەوە.